ڕوانگە - بەهۆی خراپی و نەبونی ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچەکەیاندا ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و چالاکوانانی مەدەنی لە شارۆچکەی ڕزگاری سەربەقەزای کەلار کۆبونەوەیەکی تایبەتیان ئەنجامدا و یەکێک لە بەشداربوانی ئەو کۆبونەوەیە، ڕایگەیاند:" شارۆچکەی ڕزگاری تەواو پشتگوێ خراوە و پێویست دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان بەزووی ئاوڕ لە ناحیەکە و خەڵکەکەی بدەنەوە."


گروپی ڕۆشنبیران و چالاکوانانی مەدەنی ڕزگاری

کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"گروپێک لە ڕۆشنبیران و چالاکوانانی مەدەنی لە شارۆچکەی ڕزگاری بۆ قسەکردن لەسەر کەموکورتی و نەبونی خزمەت گوزاری لە ناحیەکەدا کۆبوینەتەوە."

وتیشی:" ئەو گرفتانەش خۆی دەبینێتەوە لە بواری تەندروستی و پەروەردە و ئاسایش و کەمی کارمەند و ڕێگا و بان و ئاو و ئاوەڕۆ و کۆی خزمەتگوزاریەکانی دیکە و تەواونەکردنی ژمارەیەک پرۆژە کە ماوەی زیاتر لە دە ساڵە کارکردن تیایاندا ڕاگیراوە و هەروەها قسەکردن لەسەر بە قەزاکردنی ناحێی ڕزگاری کە بەداخەوە ئیدارەی گەرمیان لە ساڵانی ٢٠٢٢ - ٢٠٢٣ هاوکار نەبوو بۆئەوەی لەڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە دەنگ لەسەر ئەو پرسە بدرێت و چەندین پرۆژەی دیکەش، کە هەموو ئەو پرۆژانە پەیوەندییان بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە."

کەریم عەلی ڕونیشیکردەوە:" لەئێستادا ژمارەی دانیشتوانی ناحێی ڕزگاری نزیکەی ٧٠ هەزار کەسە و پێویستە حکومەت بەجدی ئاوڕ لەو شارۆچکەیە بداتەوە، بەڵام بەداخەوە هەوڵەکانی حکومەت وەکو پێویست نییە و وەکو شارۆچکەیەک کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زۆر کەمبێت  مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."

لەبارەی دروست بونی گروپەکەیانەوە
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاشکرایشیکرد:" ئەم گروپە گروپێکی تازەنییە و لە ساڵانی ڕابردوشدا چالاکی و جموجوڵمان هەبووە و کاری باشیشمان ئەنجام داوە، بۆ لەمەودواش هەربەردەوام دەبین و هەموو ئەو داواکاریانەشمان ڕووبەڕووی لایەنی پەیوەندیداری دەکەینەوە."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی شارۆچکەی ڕزگاری لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەوجۆرە پشتگوێ خراوە؟ کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد:"بەداخەوە دەسەڵاتی سیاسی لە سنورەکەدا نەیتوانیوە ئاوڕێکی جدی لە شارۆچکەی ڕزگاری بداتەوە،لەکاتێکدا لەڕوو ئیدارەدانەوە شارۆچکەکە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی دایە و ئەم ئاوڕنەدانەوەیە لە ناحێکە ئەوە دەردەخات کە بەرپرسانیش لەناو یەکێتیدا کەمتەرخەم بوون بەرامبەر بە ناحێی ڕزگاری، چونکە لە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکەوە تا بەڕێوەبەری ناحێکە سەربە یەکێتی ییە و دەبوو ئاوڕێکی جدییان لەو شارۆچکەیە بدایەتەوە."