ڕوانگە - پارێزگاری هەڵەبجە شەممە ٢٦_ی نیسانی٢٠٢٥پێشوازی لە پارێزگاری كرماشان و شاندێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پارێزگای هەڵەبجە کرد.
لە دەسپێكدا، بەڕێز نوخشە ناصح پارێزگاری هەڵەبجە بە وەكالەت لە مەرزی تەوێڵە-شوشمێ پێشوازی لە بەڕێز د.مەنوچێهر حەبیبی پارێزگاری كرماشان و شاندی یاوەری كرد.
لە سەرەتای سەردانەكەیاندا: پارێزگاری هەڵەبجە بە هاوڕێیەتی پارێزگاری كرماشان و شاندی یاوەری سەردانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەیان كرد و تاجەگوڵینەی ڕێزو وەفایان لەسەر مەزاری شەهیدان دانا.
دواتر لە دیوانی پارێزگا، كۆبونەوەیەك بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەڵەبجەو بە ئامادەبوونی بەڕێزان بەڕێوەبەرانی گشتی (وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە و گەشتوگوزارو كشتوكاڵ)و بەڕێوەبەرو نوێنەرانی (ئاسایش و پاسەوانی سنور و گومرك و نشینگە)و سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجەو لایەنە پەیوەندیدارەكان لەگەڵ پارێزگاری كرماشان و شاندی یاوەری ئەنجامدرا.
كۆبونەوەكە بۆ گفتوگۆ كردن بوو لەسەر پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان پارێزگای هەڵەبجەو پارێزگای كرماشان لە سێكتەرەكانی بازرگانی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزارو تەندروستی و خوێندن و دەروازە سنورییەكان و چەندین بابەتی گرنگ و تایبەتمەند لەسەرجەم سێكتەرەكاندا لە نێوان هەردوولا بۆ ئەم مەبەستەش كۆمیتەیەكی هاوبەش لەئاستی باڵا پێكهێنرا بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆبونەوەكە
دوابەدوای كۆبونەوەكەش كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی سازكراو پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بە هەماهەنگی و پەیوەندی دۆستانەی لەمێژینەی نێوان هەڵەبجەو كۆماری ئیسلامی ئێران كردو سوپاسی پارێزگاری كرماشانی كرد بۆ سەردانەكەیان و پەیوەندی دۆستانەی هەردوولاو ڕەزامەندی بەڕێزیان بۆ پرسە گرنگەكان بە تایبەت كاروباری دەروازەكان و سێكتەری تەندروستی.
هەر لە كۆنگرەكەدا پارێزگاری كرماشان سوپاس و دەستخۆشی بۆ پێشوازی گەرمی پارێزگاری هەڵەبجە دەربڕی و ووتی ئێمە پێزانینی گەورەمان بۆ هەڵەبجەو شەهیدانی هەیەو پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەو دەست بەكاربوونی بەڕێز نوخشە ناسیح وەكو یەكەم پارێزگاری خاتوون لە كوردستان و عێراق و ڕایگەیاند كۆبونەوەیەكی گرنگ و پڕ دەستكەوتمان ئەنجامداو بۆ سەرجەم داواكاری و پرسەكانی پارێزگاكە ئێمە ڕەزامەندین لە ناویشیاندا پرسی دەروازە سنورییەكان.
لە كۆتایدا هەردوولا دیاری تایبەت بە خۆیان پێشكەش بەیەكدی كردو پارێزگاری هەڵەبجە یاوەری پارێزگاری كرماشان و وەفدی بەڕێزیانی كردو لە دەروازەی (تەوێڵە-شوشمێ)ەوە بەڕێزەوە بەڕێكران.