ڕوانگە - وەزیرى کارەبا رایدەگەیەنێت، پێشنیارى خۆیان بۆ نرخى کارەباى پرۆژەى رووناکى رەوانەى ئەنجومەنى وەزیران کردووە

کەمال محەمەد، وەزیرى کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند، نرخى کارەبا رێکاریی یاسایى هەیە، ئەو نرخەى پێشتر کە لە 18 دینارەوە دەستپێدەکات تا 240 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک بەرکارە.

وتیشی:"بۆ نرخى کارەباى پرۆژەى رووناکى وەکو ئەنجومەنى وەزارەت پێشنیارى خۆمان بۆ ئەنجومەنى وەزیران ناردووە، دەبێت لە ئەنجومەنى وەزیران پەسەندبکرێت و بچێتە رۆژنامەى وەقایع و بڵاوبکرێتەوە و کارى پێبکرێت”.

وەزیری کارەبا باسی لەوەش كرد:"بەڵام دڵنیاییەک دەدەینە خەڵک کە نرخەکە ئەوەندە نییە وەک ئەوەى هەندێک کەس باسى دەکات".
کەمال محەمەد، ئەوەیشی خستەڕوو:" لە هەولێر 104 هەزار هاوبەش هەن، لەو ژمارەیە 65%یان مانگى سێ پارەى کارەبایان لە خوار 42 هەزار دینارەوە بووە.هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو نرخانە مەعقولن، پێشتر دوو بڕە پارەیان دەدا و ئێستا یەک، بڕەکەشى بەپێى بەکارهێنانە، چەندێک بەکارهێنانیان زۆرتربێت، پارەى زۆرتریان بۆ دێتەوە”.

ئەوەش لە كاتێكدایە لەماوەی ڕابردودا نرخەكانی پڕؤژەی كارەبای 24 كاتژمێری ناڕەزایەتی زۆری هەوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێنا و بە بازرگانی كردن ناویان برد.