ڕوانگە - ماوەی چەند رۆژێكی ئاگرێكی گەورە لە ناوچە شاخاویەكانی باشوری شاری قودس كەوتۆتەوە و ئیسرائیل پێی كۆنترۆڵ ناكرێت.
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، ئەو ئاگرانەی لە ناوچە شاخاویەكانی قودس كەوتۆتەوە هێندە بەهێز و گەورەن، كۆنترۆڵكردنی لەتوانای حكومەتی ئیسرائیل دەرچووە، لە چەند لایەكەوە بەردەوام روو لە زیادبوون دەكات، بەهۆیەوە ئیسرائیل داوای هاوكاری لە پێنج وڵات كردووە لەناویاندا قوبرس و یۆنان و كرواتیا و ئیتاڵیا بۆ ئەوەی ئاگرەكەكەی لەگەڵ كۆنترۆڵ بكەن.
سەرچاوە فەرمیەكان ئاشكرایان كرد، ئاگرەكە بە شێوەیەك تەشەنەی سەندووە گەیشتووەتە سەر رێگای سەرەكی قودس، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هەڵكردنی رەشەباش كارەكانی كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە سەخت كردوە.
لە ئێستادا باری لەناكاو لە زۆرینەی شوێنەكانی نزیك ئاگرەكە راگەیەندراوە و هەزاران کەس، بەهۆی ئەو ئاگرەی کە چەندین ساڵە وێنەی نەبووە ناوچەكەیان جێهێشتوە، وەزیری جەنگی ئیسرائیل فەرمانیكردووە، سوپا بگاتە شوێنی رووداوەكە و لەگەڵ تیمەكان هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە بدەن.
لە لایەكی دیكەشەوە دەزگای كەشناسی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، ڕەوشی كەشەوهەوا تا دێت سەختتر دەبێت و ئاگرەكە زیاتر تەشە دەكات، لە ئێستادا خێرایی با لە نێوان 50 بۆ 60 كیلۆ مەتر دەبێت لە كاتژمێرێكدا ئەوەش وادەكات زۆر بە خێرایی ئاگرەكە بڵاوببێتەوە.