ڕوانگە - سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر پێگەیەکی نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا، ئەوەش دوای ئەوە هات کە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی کرد ئەگەر حکومەتی سووریا دروزەکان نەپارێزێت، دەستوەردان دەکەن.
رۆژی هەینی دووی ئایاری 2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "فڕۆکە جەنگییەکان شوێنێکیان لە تەنیشت کۆشکی سەرۆکایەتی بۆردوومان کردووە."
ئیسرائیل هێزە نوێیەکانی سووریا وەکو هێزی جیهادی دەبینێت و هۆشداری داونەتێ بۆ ئەوەی دروزەکان بپارێزن.
هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "ئیسرائیل شەوی رابردوو لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق هێرشێکی ئاسمانی کرد. ئەمە پەیامێکی روونە بۆ رژێمی سووریا، رێگە نادەین هێزەکانی [سووریا] لە باشووری دیمەشق بڵاوببنەوە یان هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر کۆمەڵگەی دروز دروست ببێت."
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی دیمەشق هیچ راگەیێندراوێکیان لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل رانەگەیاندووە.
هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل دووەم هێرشی سوپای ئیسرائیلە لەم هەفتەیە دەیکاتە سەر سووریا.