ڕوانگە - وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:"دوای بوونی ژمارەیەکی زۆری نەخۆشی تای خوێنبەربوون لەشارەکانی دیکەی عێراق و ژمارەیەک لە حالەتەکان لەشاری کەرکوک و بوونی گیانلەدەسدان بەو نەخۆشیە، دوای بەدواداچوون و پشکنین بۆ نەخۆشێکی گومانلێکراو لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو ، ئەمڕۆ دوای دڵنیابوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی پشکنینەکان یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا.'
د. سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"یەکەم حاڵەت بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا ئەویش هاوڵاتیەکی شاری ( کۆیە ) یە، تەمەنی ( ٤٢ ) ساڵە و پیشەی گۆشتفرۆشە.'
وتیشی:"لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت و دۆخی تەندروستی تا ئێستا جێگیرە".
د. سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"داوا لە هاوڵاتیان دەکەین و جەخت دەکەینەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی،لەکاتی هەبوونی نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە، یاخود هاوڵاتیانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.'