ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، شوان ڕابەر ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان ڕایگەیاند:"ماوەی دووساڵە ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و ئێراندا بونی هەیە، بۆئەوەی عێراق ئۆپۆزیسۆنی ئێران قەدەغەبکات کە چالاکی سەربازی ئەنجام نەدەن، لە ئێستادا تاڕادەیەک ئۆپۆزیسۆنی ئێران دیاریدەی چەکدارییان نەماوە، بەڵام کاروباری سیاسی و دیبلۆماسی خۆیان دەکەن".

وتیشی:"ئەگەر عێراق لەم هەنگاوەدا جدی بێت، واتا گوشاری زۆر لە هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانی ئێران بکات و فشار لە هەرێمی کوردستانیش بکات بۆ ئەوەی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانی ئێران هەراسان و سنوردار بکات لە ڕووی سەربازییەوە، ئەوا بەئاسانی دەتوانێت، واتە کاریگەری نەرێنی بۆسەر کاروباری سەربازی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکان دەبێت، ئەگەر بێت و عێراق فشار نەکات ئەوە کاریگەری نابێت ئەوکات ئەو هێزانە بەئارەزوی خۆیان جموجوڵ دەکەن، کەواتە فشارەکانی عێراق دەوری کاریگەری دەبێت لەسەر ڕۆڵی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکان".

شوان ڕابەر ڕونیشیکردەوە:" سنوردارکردنی جومجوڵی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکان دەوەستێتەسەر ئەوەی کە ئایە تا چەند عێراق ئەو ڕێککەوتنە جێ بەجێ دەکات،هەروەها چەندە فشار لەسەر ئەو هێزانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکات".

شوان ڕابەر ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد:"پێویستە عێراق بەدیل بۆ هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانی ئێران دابنێت، بۆئەوەی هەمولایەک بتوانن ڕێککەوتنەکە جێ بەجێ بکەن و نەهێڵن پێکدادان دروست ببێت، ئەگەر وانەبێت ئەوا لەوانەیە ڕێککەوتنەکە جێ بەجێ نەبێت".