ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ قەدەغەکردنی چالاکی سەربازی حیزبە ئۆپۆزیسۆنەکانی ئێران و هەروەها ئاستەنگەکانی بەردەم جێ بەجێ کردنی ئەو بڕیارە و ڕۆڵی یەکێتی و پارتی لە جێبەجێ کردنی ئەوبڕیارەدا، دکتۆر عەدالەت عەبدوڵڵا نوسەر و چاودێری سیاسی، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛"بڕیارەکە باگراوەندی پێشتری هەیە، کۆمەڵێک دانیشتنی دەولی هەیە لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران و هەموو چەند مانگ جارێک پێکەوە دادەنیشن، بەتایبەتی دەزگای ئەمنی وەتەنی عێراق، کۆمەڵێک ئیجرائاتیان خراوەتەئەستۆ لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە بەوپێیەی کە دەبێت بەپێی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان سنوری نێودەوڵەتی یەکدی بپارێزرێت و ڕێگە نەدرێت هیچ گروپێکی چەکدار لە وڵاتێکەوە بچێت چالاکی ئەنجام بدات دژی وڵاتێکی دیکە، لەم چوارچێوەیەدا و بەپێی ئەو بنەمایەی کە هەیە حکومەتی عێراق ئەو بڕیارەی دەرکردووە و ڕوونە کە بەئاشکرا داوای پابەندبوون دەکات لە هەموو ئەو هێزانەی هەم ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیش هەر هێزێکی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خۆی بە ئۆپۆزیسۆنی وڵاتێکی دراوسێ بزانێ دەبێت پێوەی پابەندبێت، لە حاڵەتێکدا ئەگەر پابەندبوون بو بڕیارانەوە ڕونەدات ئەوکاتە بەپێی یاسا دەوڵەت دەتوانێت بەتەواوەتی بارەگاکانیان دابخات و ڕێگەی چالاکیان پێنەدات.'

وتیشی؛"ماوەیەکی زۆرە ئەم بڕیارە بوونی هەیە، بەڵام ڕەنگە ئێستا بەتەواوەتی بخرێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە، چونکە عێراق وەکو دەوڵەت بە حەقی خۆی دەزانێت و ئێرانیش وەکو وڵاتێکی دراوسێ بە حەقی خۆی دەزانێت کە ئەمە ڕووبدات، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی ئەمە حاڵەتێکی چاوەڕوانکراوە، بەڵام دۆخی نائاسایی عێراق لەقۆناغی ڕابردوودا وایکردووە کە ئەم مەلەفە ئەمنیانە ئاوا دوابکەون، ئەگینا ڕوونە کە لە دۆخی سەقامگیری و لە پەیوەندی باشی نێوان وڵاتاندا ئەمانە زۆرزوو دەبنە مەلەفی سەرەکی و بڕیاریان لێ دەدرێت".

دکتۆر عەدالات عەبدوڵڵا، ڕونیشیکردەوە،"زۆرجار جێ بەجێ کردنی بڕیارەکان لەسەر پەرەسەندنی مەیدانی دەوەستێت، ئەگەر ڕووداوێکی دیاریکراو هەبێت کە بەڵگەبێت لەسەرئەوەی کە پێشێلکارییەکی ئەمنی هەیە لەودیوی سنورەکانەوە و پەیوەندی بە دەوڵەتێکی دیکەوە هەبێت ئەوا لەم حاڵەتانەدا جارێکی دیکە ئەم بابەتانە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێتەوە، وە پێدەچێت پەرەسەندنێکی مەیدانی دیاریکراوهەبێت بەتایبەت لەم نەورۆزی ڕابردوەدا لە چوارچێوەی دەربڕینی خۆشی هەندێک ڕووداو ڕوویدابوو کە ڕەنگە تاران پێی نیگەران بوبێت، بێگومان شوێنی دیاریکراو ڕووی لێبنێ بەغدایە و لەوێوە شۆڕدەبێتەوە و ڕەنگە هەندێکجاریش فشاریش دروست ببێت لەسەر هەرێمی کوردستان کە ئەو بڕیارانە بەشێوەیەکی تۆکمەتر جێ بەجێ بکرێت".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە یەکێتی و پارتی چۆن دەتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن، چونکە بارەگای سەرەکی ئەم هێزانە لە هەرێمی کوردستاندایە؟ دکتۆر عەدالەت عەبدوڵڵا نوسەر و چاودێری سیاسی ئاماژەی بەوەکرد،" یەکێتی و پارتی لەگەڵ دیموکرات و کۆمەڵە و گروپە بەرهەڵستکارەکانی دیکەش گفتوگۆیان کردووە کە فشارێک هەیە لەلایەن عێراقەوە، بێگومان عێراقیش لە چوارچێوەی پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی خۆیدا لەگەڵ تاران دا، ئەم بابەتانە جارێکی دیکە ئەولەوێتیان وەرگرتۆتەوە، لەبەرئەوە پەیامەکەیان پێگەیاندون و لەوچوارچێوەیەشدا ڕەنگە هەندێکجار پێویست بە هەماهەنگی نەتەوەیی بکات، چونکە ناکرێت بەبۆنەی چالاکییەکی عەسکەرییەوە لەلایەن گروپێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کێشەی گەورە بۆ سەقامگیری هەرێم دروست ببێت و لەماوەکانی ڕابردووشدا هەموو هێزەکانی ڕۆژهەڵات تاڕادەیەکی زۆر بەشی هەرەزۆریان پابەندبوون و هەندێکجار بەشێک لە بارەگاکانیان گواستۆتەوە و چالاکی سەربازییان ڕاگرتووە و زیاتر خەریکی چالاکی سیاسین، کە ئەوە حاڵەتێکە ڕێگەی لێ ناگیرێت، بەڵام بەریەککەوتنی سەربازی چ لەناو سنورەکان بێت یاخود لەناو هەرشارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بێت بەنیسبەت تارانەوە کێشەیە، لەبەرئەوە چاوەڕێ دەکەم هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەمە تێدەگەن و ئەمە نابێتە کێشەیەکی گەورە".

لەبارەی ئەوەی کەئایە کێشەو گیروگرفتەکانی بەردەم جێ بەجێ کردنی ئەم بڕیارەچییە بەتایبەتی لەناو هەرێمی کوردستاندا؟ دکتۆر عەدالەت عەبدوڵڵا نوسەر و چاودێری سیاسی ئاشکرای کرد؛" کێشەیەکی دیاریکراونییە، بەڵام ڕەنگە هەندێک هێزهەبن لە هەماهەنگیدانەبن لەگەڵ هەرێمدا، یاخود لەگەڵ هێزەسەرەکییەکانی ناو حکومەتی هەرێم، بۆنمونە ئەوهێزانەی کە نزیکن لە (پژاک)ەوە، ڕەنگە ئەوان بەئاسانی نەتوانرێت پابەندبونیان بەرامبەر ئەمجۆرە بڕیارانە پێدروست بێت، لەبەرئەوە پێدەچێت شێوازی گرتنەبەری لێپرسینەوەش پێداچونەوەی تێدابێت لەنێوان ئەوەی کە کێ پابەندە و کێ پابەندنییە، بەڵام لەکۆتایدا کەیسەکە کەیسێکی ئەمنییە و کەیسێکی فیدراڵیشە، بابەتێک نییە تەنها تایبەتبێت بە هەرێمی کوردستان، ئەگەر هەرێمیش وەکو پێویست بڕیارەکە جێ بەجێ نەکات چاوەڕێ دەکەم بەغدا لای خۆیەوە مافی دەستوەردان بدات بەخۆی بەحوکمی ئەوەی ئەم بابەتە کەیسێکی فیدراڵییه و لەگەڵ دەوڵەتێکدا ڕێککەوتنی هەیە کە ڕێگە بەوەنەدەن هیچ گروپێک پەلاماری وڵاتێکی دیکە بدات".