ڕوانگە - بەهۆی هەبونی گرفت لە هەردوو هێڵی گەرمی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن ژمارە 104 و بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان ژمارە 105، لە ئێستادا هاوڵاتیان ناتوانن ئەو دووهێڵە بەکار بهێنن و وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت:"گرفتەکە گرفتێکی تەکنیکییە و لە هەوڵی چارەسەرکردنی داین.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"هاوڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە کە لەئێستاداو بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە، هەردوو هێڵی گەرمی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن ژمارە 104 و بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان ژمارە 105 لەکارکەوتوون، داوا  دەکەین لەکاتی بوونی هەر ڕووداوێکدا دەتوانن پەیوەندی بکەن بەسەنتەری هەماهەنگی ڕێکخەری پەیوەندییەکان ژمارە 100 یان ژمارە تەلەفۆنی ئێشکگری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی (0533193148).

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕونیشی کردەوە:"لەئێستادا تیمە تەکنیکییەکانی کۆمپانیای کوردتێل سەرقاڵی چارەسەرکردنی گرفتەکەن و لەماوەیەکی کەمدا هەردوو هێڵ دەکەونەوە کارو لەخزمەت هاوڵاتیاندا دەبن".