ڕوانگە - بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون، لە ئێستادا لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەنەری گەرمیان چەندین تیمی تایبەت دروستکراوە و لێپرسراوی هۆبەی ڤێتەنەری کەلاریش ڕایدەگەیەنێت:" هەڵمەتی شۆردنەوەی ئاژەڵیان دەستپێکردووە بۆ قڕکردنی مشەخۆرە دەرەکیەکان ئەوانەی کە هۆکاری سەرەکین بۆ گواستنەوەی نەخۆشیەکە.
دکتۆر ئارام ئەحمەد سەمین لێپرسراوی هۆبەی ڤێتەنەری کەلار بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"ئەم هەڵمەتە بۆ ڕێگریکردنە لە بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکە و هەروەها لە کوشتارگەکانیشدا هەمو ڕێکارێکی پێویست گیراوەتەبەر.
وتیشی:"ئەگەرچی ئەم نەخۆشییە ماوەی چەندساڵێکە بونی هەیە کەچی خۆشبەختانە لە گەرمیاندا بڵاونەبووەتەوە، بەڵام لەمساڵدا بەهۆی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی هاتووچۆ لەنێوان شار و گوندەکاندا وایکردووە مەترسی گواستنەوەی لێ بکرێت".
دکتۆر ئارام ئەحمەد سەمین ڕونیشیکردەوە:"بڵاو بونەوەی ئەم نەخۆشیە هیچ پەیوەندی بە هاتنی جەژنی قوربان و ڕێگریکردن لە قوربانی کردن نییە، وەک ئەوەی کە لەناو هاوڵاتیاندا بڵاوبووەتەوە، بەڵکو دەبێت هاوڵاتیان هۆشیارببنەوە و پێویستە لە کوشتارگەکاندا ئاژەڵەکانیان سەرببڕن، ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییە ئەوەیە کە نەخۆشییەکە لەئاژەڵەکەدا هیچ نیشانەیەکی نییە، بەڵکو لە مرۆڤدا نیشانەکانی بەدیاردەکەون".
دکتۆر ئارام ئەحمەد سەمین لێپرسراوی هۆبەی ڤێتەنەری کەلار ئاشکرایشیکرد:" هەموساڵێک لەم کاتەدا ئەم هەڵمەتەمان ئەنجامداوە و ماوەی سێ ساڵە حکومەتی هەرێم دەرمانی پێویستی دابینکردووە، بەڵام یەکێک لەگرفتەکان ئەوەیە کە لەساڵی ٢٠٢٣ ئەم هەڵمەتە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە جێ بەجێ کرا و کرێکارەکان لەلایەن ئێمەوە دابینکرا کەچی تائێستا پارەی ئەو کرێکارانە دابین نەکراوە، هەروەها ڕونیشیکردەوە، ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا هەموساڵێک لەم کاتانەدا ئەگەری سەرهەڵدانی هەیە، بۆیە پێویست دەکات حکومەت پێشوەختە ئامادەکاری تەواوبکات، نابێت چاوەڕێی ئەوەبکات لە دیالە و کەرکوک بڵاوببێتەوە ئینجا دەست بەم هەڵمەتەبکات، بەڵکو دەبێت پێشوەخت بودجەی بۆ تەرخان بکات بەجۆرێک کە بتوانین لەسەرەتای مانگی چوارەوە دەست بە هەڵمەتەکان بکەین.