ڕوانگە - لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی جێ بەجێ کردنی ڕێککەوتنی نێوان تاران و بەغدا لەبارەی گواستنەوەی ماڵباتی هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو شوێنانەی کەبۆیان دیاریکراوە و هەروەها گرفتەکانی بەردەم ئەو ڕێککەوتنە، عەقید سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند: دەرکردنی بڕیاری گواستنەوەی ماڵبات و خانەوادەی ئەو هێزە ئۆپۆزیسۆنانەی ئێران کە لە عێراق و هەرێمی کوردستانن زیاتر پەیوەستە بە لێپرسینەوەکانی حکومەتی عێراقەوە، چونکە بڕیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی عێراقەوە دەرچووە و ئەوان واژویان لەسەرکردووە.
وتیشی: ئەوەندی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەبێت ئەوەیە کە ئەو لێپرسینەوانەشی کە دەکرێت لەگەڵ ئەو ماڵبات و خانەوادانەی حیزبە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵات کە لە هەرێمی کوردستانن، ئەوا ئەو بابەتە تەواوکەری ئەو ڕێککەوتنەیە کە لەنێوان بەغدا و تاران دا هەبووە، بۆئەوەی کە شوێنەکانیان بگۆرن، کەدیارە بۆئەوە ڕێککەوتنێک کراوە و ئەوەشی ئەنجام دەدرێت تەنها بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنەیە.
عەقید سەلام عەبدولخالق ڕونیشیکردەوە: لە ئێستادا ژمارەیەک خانویان بۆ دروستکراوە و هەموو ئەو خێزانانە دەبرێنە ئەو شوێنەی کە دەستنیشان کراوە.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە جێ بەجێ کردنی ئەو بڕیارە گرفت بۆ هێزە ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت دروست ناکات؟ وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوەی خستەڕوو: جێ بەجێ کردنی ئەو بڕیارە هیچ گرفت بۆ ئێمە دروست ناکات، چونکە ئێمە تەنها لایەنی جێ بەجێ کاری بڕیارەکانین و لەبنەڕەتدا ڕێککەوتنەکە لەنێوان بەغدا و تاران دا ئەنجامدراوە و ئێمە لەم ناوچەدا تەنها بڕیارەکە جێ بەجێ دەکەین.
عەقید سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاشکرایشیکرد: ئەو خێزانانە هیچ گرفتێکیان نییە و پابەندی ئەو بڕیارانەن و وردەوردە خەریکە شوێنەکانیان چۆڵ دەکەن و دەچن بۆ ئەو جێگایەی کە بۆیان دیاریکراوە، بەڵام پێویستی بەوەیە ڕێوشوێنی زیاتریان بۆ بگیرێتەبەر و هاوکارییان بکرێت .