ڕوانگە - ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٠٢٥/٥/٦ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێیەمین پێشانگەی گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی (METEX) لە هەولێر كردەوە كە تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی بواری گەشتوگوزار بەشدار بوون.

لە گوتارێكدا كە لە ڕێورەسمی كردنەوەی پێشانگەكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوە كرد كە ئەجێندا و سیاسەتی حكومەت لە بووژاندنەوە و پێشخستنی ئابووریی كوردستان، گەشەپێدان و بووژاندنەوەی كەرتی تایبەتی گەشتوگوزار و كەرتی گشتییە.

سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە:" حكومەت هەوڵێكی زۆری داوە تاوەكوو ئاسانكاری بكات و هاوكار بێت بۆ پەرەپێدان بەم كەرتە بەو ئامانجەی سەرچاوەی داهات لە هەرێمی كوردستان هەمەچەشن بكرێت.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەختیشی كردەوە" یەكێك لەو هۆكارانەی یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی بتواندرێت زیاتر كوردستان بە دونیا بناسێندرێت، ئەوەیە كە گرنگیی بە كەرتی گەشتوگوزار بدرێت تاكوو خەڵكێكی زیاتر بێ و تێكەڵاوی خەڵكی كوردستان بێ و شارەزای ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بێت، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی بە كەرتی گەشتوگوزار دەدات.