ڕوانگە- بەمەبەستی گەیاندنی کۆمەڵێک دواکاری گرنگی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال دەستەیەک لە ڕێکخراوی کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال سەردانی بەغدایان کردو لەگەڵ ڕاوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا کۆبونەوە.

ئەرسەلان محەمەد ڕۆستەم ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کۆمەڵە، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"دوای ئەوەی وەکو کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال، لە ٢٠٢٥/١/٢٣ لەڕێگەی سروە محمەد ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، داوایەکمان ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد بۆئەوەی کۆببینەوە لەگەڵیاندا، خۆشبەختانە داواکەمان قبوڵکرا و بڕیاریاندا سەرەتا لەگەڵ ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیراندا کۆببینەوە و دواتر لەگەڵ خودی سەرۆک وەزیراندا کۆببینەوە.

وتیشی:"هەربۆیە ڕۆژی دووشەممە سێ نوسراوی فەرمی کۆمەڵە کە بەشێکی زۆر پەیوەندیداربوو بە حکومەتی ناوەندییەوە، گەیاندمانە دەستی (قەحتان کەعدی) ڕاوێژکاری تایبەتی سەرۆک وەزیران."

ئەرسەلان محەمەد ڕۆستەم، ڕونیکردەوە:" کۆی خاڵەکان دە خاڵی گرنگ و تایبەتبوون بە پرسی ئەنفال، لەوانە: داوامان کردووە کە  ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان ئەوانەی ماوەی چەندساڵێکە ناویان بۆ فەریزەی حەج نایەتەوە، بەبێ تیروپشک ناونوسیان بکەن، هەروەها خاڵێکی دیکە پێدانی مۆڵەتی حکومەتی عێراق بوو بۆ ڕێکخراوەکەمان، لەگەڵ ئەوەشدا، یاداشتێکی دەخاڵی دیکەمان پێدا، لەوانە: ماف و ئیمتیازاتی تاقانەکانی ئەنفال وهەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان بەشێوەیەکی زانستی و دواتر پشکنینی DNA و دواترگەڕانەوەیان بۆ باوەشی نیشتیمان، هەروەها جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی ئەنفال، کەئەوەش خۆی لەچەند پرسێکدا دەبینێتەوە لەوانە: دادگایکردنی جاش و مستەشارەکان و هەروەها قەرەبوکردنەوەی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و لەگەڵ ئەوانەشدا داوامانکرد حکومەتی عێراق جێگرەوەی حکومەتی پێشووە دەبێت داوای لێبوردن لە گەلی کوردبکات.

ئەرسەلان محەمەد ڕۆستەم ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کۆمەڵە ئاماژەی بەوەکرد:"ڕاوێژکارەکەی محەمەد شیاع سودانی بەڵێنی ئەوەی پێداین کە ئەو یاداشتانە دەخاتە بەردەستی سەرۆک وەزیران و دواتر لەڕێگەی، سروە محەمەد ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەڵامی یەک بەیەکی خاڵەکانمان دەداتەوە".