ڕوانگە - لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی پەلهاویشتنی تورکیا لەناوچەکە و هەوڵدانی ئەو وڵاتە بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی لە عێراق و سوریا و وەڵامی ئەمەریکا بۆ ئەو هەژمون گەرایەی تورکیا، موعتەسەم نەجمەدین چاودێری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند:"ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەیە عێراق و سوریا دەبێتە ناوچەی هەژمونی ئەمەریکا و تیاندا باڵادەست دەبێت، و وە سیاسەتی نوێی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەی کە ئێستا دەیبینین جۆرێک لە شەڕانگێزی تێدایە لەبەرامبەر وڵاتانی زلهێزی گەورەی ئەوروپا نەک وڵاتانی ڕۆژهەڵات و وڵاتێکی وەک تورکیا کە دەیەوێت هەژمونی خۆی لەسوریا و عێراق باڵادەست بێت".
وتیشی:" ئەمەریکە کەدێت کۆنترۆڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و دێت ئەم هەموو شەڕەدەکات و هاوپەیمانەکانی ئێران لاوازدەکات، چۆن ڕێگە دەدات تورکیا ئەمانە ببات بۆخۆی و لەو ناوچانە باڵادەست بێت".
موعتەسەم نەجمەدین چاودێری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕونیکردەوە:" ئایندەی تورکیا لە ئایندەی ئێران باشترنابێت، بەڵام ڕەنگە هەندێک دوابکەوێت، بەڵام لەهەمو حاڵەتێکدا تەنانەت خودی تورکەکان بۆخۆشیان چەندجارێک ئاماژەیان بەوەکردووە و تەنانەت یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی ئۆردوگان دانی بەوەداناوە کە ئەوان هەڕەشەی دابەشبون و لەناوچونیان لەسەرە، بۆیە ئەم ئاماژانە دیوێکی حەقیقەتی تیایە کە هەژمونی تورکیا وەک دەوڵەتێکی هەرێمایەتی بەهێز لەناوچەکەدا نامێنێتەوە، بۆیە من پێموایە ئایندەی تورکیا لە ئایندەی ئێران زۆر باشتر نابێت.