ڕوانگە - لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە كە بە ئەلیكترۆنیكردنی كۆبۆنی خۆراك لەم قۆناغە پێویستی بە هیچ بڕە پارەیەك نییە و ئەوانەیشی داوای پارە دەكەن بە هیچ شێوەیەك پێوەندییان بە وەزارەتەكەوە نییە و سیستمەكە خۆڕاییە و تەنیا پێویستی بە یەك كارتی نیشتمانییە. 

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئەوەیشی خستۆتەڕوو:" هاووڵاتیانی پارێزگای  هەڵەبجە ئاگادار دەکەینەوە بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی کۆبونی خۆراک دەتوانن لەڕێگەی ئەم ئەپەی دیاری كراوە بچنە ناو سستمەکە و ناوی خۆیان تۆماربکەن بۆ وەرگرتنی ڕێنوێنی و هەر پرسیار و کێشەیەکیش سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پسوولەی خۆراکی هەڵەبجە بکەن.

لە بەشێكی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی ئاشکرای کردووە:" هاووڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە لەم قۆناغەدا پێویست بە هیچ بڕە پارەیەک ناکات و بە دوور بن لەو کەسانەی بۆ تۆمارکردنی ناوی خێزان بۆ کۆبونی خۆراک پارە وەردەگرن، ئاماژەیشی داوە كە بەهیچ شێوەیەک پێوەندیان بەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و لایەنی حکوومیەوە نیە و سستمەکە  بەخۆڕاییە لە هەرێمی کوردستان.

لە ئاگادارییەكەدا وەك تێبینی هاتووە كە هاووڵاتی پێویستە کارتی نیشتمانی هەبێت بۆئەوەی بێ بەش نەبێت لەناو تۆمارکردن پرۆسەکە ماوەی مانگێگ دەخایەنێت.