ڕوانگە - لە چەند ڕۆژی ڕابردودا ژمارەیەک پەڕلەمانتاری عێراق دژی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکیان تۆمارکردبوو، ئەمڕۆ دادگاى باڵای فیدراڵیى عێراق بەفەرمی سکاڵاى ئەو ژمارە پەرلەمانتارەى رەتکردەوە.
دواى ئەوەى پەرلەمانى عێراق بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی دا و سەرۆککۆمارى عێراق واژۆى کرد، پێنج پەرلەمانتار سکاڵایەکیان لە دادگای فیدراڵى تۆمارکرد و داوایان کرد فەرمانێکی وەلائی دەربکات بۆ رێگریکردن لە کارکردن بەو یاسایە، چونکە بە بڕوای ئەوان، دانیشتنەکە نایاسایی بووە و رێژەى یاسایى پەرلەمانتاران تێیدا ئامادە نەبوون.
دادگاى فیدراڵیى عێراق لە وەڵامى ئەو پەرلەمانتارانەدا رایگەیاندووە، بە گوێرەی یاسای دادگاکە، دەرکردنی فەرمانی وەلائی لەسەر بنەمای مەرج و بنەمای دیاریکراوە، لەم دۆسیەیەشدا بە پێویستی نازانێت فەرمانێکی وەلائی دەربکات و بڕیارێکی لەو شێوەیە بە واتای داننان دێت بە سکاڵاکەدا بێ تاوتوێکردنی تەواوەتی.