ڕوانگە - لە سنووری پارێزگای لوڕستان، حەوت ئەندامی خێزانێک بەمەبەستی رزگارکردنی ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەیان چوونەتە ناو بیرێکی کشتوکاڵییەوە و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەکان، رووداوەکە لە ناوچەی کۆهنانی سەربە شاری کۆهداشت روویداوە، پاش ئەوەی گەنجێک کەوتووەتە ناو بیرێکی کشتوکاڵییەوە، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی خێزانەکە بەمەبەستی رزگارکردنی گەنجەکە چووەتە ناو بیرەکە، بەڵام ئەویش گیریخواردووە و یەک لە دوای یەک ئەندامانی دیکەی خێزانەکە چوون بەدوایدا و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.

لەمبارەیەوە موراد ناسری، قایمقامی کۆهداشت رایگەیاندووە، لە رووداوەکەدا هەشت ئەندامی یەک خێزان لەو بیرەدا گیانیان لەدەستداوە.

ناوبراو  ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش رووداوەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون بەمەبەستی دەرهێنانەوەی تەرمەکان و دەرکەوتووە ئەو بیرەی کە تەرمەکانی تێدابووە، غازی تێدا بووە.

ئاشكراشیكردووە :توراج مورادی، ئیرەج مورادی، یوسف مورادی، ساسان مورادی، ئیرەج کازمیان، یونس مەلەکی، یوسف مەلەکی و فەتحوڵا باغری، لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئیرنای فەرمیی ئێران، سەرەتا منداڵێک کەوتووەتە ناو بیرەکەوە، دواتر باوکی و براکەی و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی چوونەتە ناو بیرەکەوە بۆ ئەوەی رزگاری بکەن و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.