ڕوانگە - ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردۆتەوە:" لە ئەنجامی بەردەوامیی کاریگەریی بارستەھەوای گەرمی باکوری ئەفریقا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٥/٥/١١ یەکشەممە پلەی گەرمی کەمێک بەرزتردەبێتەوە بەراورد بە دوێنێ شەممە و لە سبەینێ دووشەممەوە، کاریگەریی ئەو گەرمایە لەسەر ناوچەکانمان کەمدەبێتەوە لە ئەنجامی نزیکبوونەوەی بارستەھەوایەکی فێنک بۆ سەر ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست و تورکیا.

ڕونیشیکردۆتەوە:" ناجێگیربوونی کەشوھەوا لە ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە و ئەگەری ھەورەبروسکە و نمەباران لە ھەندێک شوێندا دەبێت، بۆ رۆژی سێشەممەش، کاریگەریی ئەو ناجێگیرییە زیاتر دەبێت و ئەگەری چالاکبوونی بای رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوا دەبێت بە خێرایی 15-40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، بەھۆیەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین لە ناوچەکانی سوریا و رۆژئاوای عێراقەوە، ناوچەکانی باشووری ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، دەگرێتەوە، پلەی گەرمییش زیاتر نزمدەبێتەوە و کەش تا رادەیەک فێنک دەبێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەگشتی کاریگەریی ئەم حاڵەتە تا کۆتایی ھەفتە، رۆژی پێنجشەممە بەردەوامیی دەبێت و ناوبەناویش، لە شوێن و کاتی جیاوازدا، بەتایبەت رۆژی پێنجشەممە ھەورەبروسکە چالاک دەبێت و ئەگەری تاوەباران دەبێت؛ بارانەکە بۆ زۆربەی ناوچەکان کەمە، بەڵام لە ھەندێک شوێندا بە دیارینەکراوی بارانی بەخوڕ و تەرزەش دەبارێت”.