ڕوانگە - ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ڕوانگە ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم پابەندی ڕێککەوتن نییە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا و هەرئەوەش هۆکارە بۆ دواکەوتنی مووچە لەکاتی خۆیدا.

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بۆ ڕوانگە ئەوەی خستەڕوو:"پرسی دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە مەسەلەی داهاتی نانەوتییەوە هەیە، کە لە ٢/١٧ وەزارەتی دارایی عێراق حکومەتی هەرێمی ئاگادارکردۆتەوە لەوەی کە ڕازی نییە بەو بڕە داهاتەی کە مانگانە هەرێم دەینێرێت بۆ بەغدا کە ئەویش بڕی ٤٨ ملیار و ٥٠  ملیارە و عێراق دەڵێت:ئەمە یەک لەسەر پێنجی داهاتی نانەوتییە نەک نیوە.'

وتیشی:" یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی نێوان هەردولا پرسی نەوتە، کە هەمواری یاسای بودجە کرا بۆئەوەی کە نرخی بەرهەم هێنانی نەوت لە هەرێم لە شەش دۆلارەوە بکرێت بە شازدە دۆلار بۆئەوەی هەرێم نەوت ڕادەستی سۆمۆبکات، بەڵام ئەوەش کراو هەرێم تائێستا دڵۆپێک نەوتی ڕادەستی سۆمۆ نەکردووە، بۆیە هەمو ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی کە گرفت بۆ مووچە دروست ببێت ".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە بۆچی هەرێم پابەندی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا نابێت، ئایە ڕۆڵی نوێنەرانی کورد لەپەڕلەمانی عێراق چییە و چارەسەری ئەم گرفتانە لای کێیە؟

سۆران عومەر ڕونیکردەوە:"ئەوە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوەهەیە کە پابەندنابێت و ئەگەر حکومەتی هەرێم باپەندنەبێت ئێمە وەک ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەسەڵاتمان بەسەر حکومەتی هەرێمدانییە، وە دەبێت ئەو وەزیرانەی کە کوردن و لە ئەنجومەنی وەزیرانن لەسەر ئەم بابەتە قسەبکەن، بەڵام تائێستا کەسیان ئامادەنین یەک وشەبڵێن، بۆیە ئەوە ئەرکی ئەوانە لە ئەنجومەنی وەزیران کە ئەم بابەتە یەکلای بکەنەوە".