ڕوانگە - سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان سەردانی دادگای سلێمانی كردو لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرۆکی دادگا و ژمارەی دادوەری دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی کۆبونەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا  لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆنامەنوسانی کوردستان ڕونیکردەوە، ئەم كۆبونەوەیە بەمەبەستی شێوازی جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 2722 لە رۆژی 13/3/2025 بوو، كە دوو دادگا لەشاری سلێمانی تایبەتمەندكران بۆ سكاڵاو كەیسەكانی رۆژنامەنوسان لەچوارچێوەی پیادەكردنی یاسای ژمارە 35 ی ساڵی 2007 بۆ ئەم كەیسانە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو،" بە خۆشحاڵیەوە سەرۆكی دادگای سلێمانی و هەردوو دادوەر لەدادگاكانی لێكۆڵینەوەی 1 و كەتنی 6 تێگەیشتنی تەواو و بۆچونیان هەمان بۆچونی میدیاكاران و سەندیكای رۆژنامەنوسان بوو، سەبارەت بەو كەیسانەی میدیایین و جیاكردنەوەیان لەو بابەتانەی بەناوی میدیاوە دەكرێن ".

ئاماژە بەوەشکراوە،" لە کۆبونەوەکەدا جەختكرایەوە كە لە رۆژی دەرچونی بڕیاڕی ناوبراوەوە، لەدادگاكانی سلێمانی كار بەم بڕیارە دەكرێت، هاوكات باس لە ناساندنی رۆژنامەنوس لەبەردەم دادگادا كرا ئایا كێ رۆژنامەنووسە "؟

لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان ڕاشیگەیاند، لەکۆبونەوەکەدا باسیش لە میكانیزمی بانگهێشتكردنی میدیاكاران كرا بۆ بەردەم دادگا، بەپێی برڕگەو ماددەكانی یاسای رۆژنامەوانی، تەوەرێكی تری دیدارەكەش كێشەی ئەو سایت و پەیج و ئەكاونتانە بوو كە خۆیان نەناساندوە لای سەندیكاو لەبەردەم یاسادا.

سكرتێری لقی سلێمانی سەرباری بونی نوێنەرانی یاسایی باسی لەدامەزراندنی بۆردێكی پارێزەران كرد بۆ بەرگریكردن لەمیدیاكارانی سنوری ناوچەكە، بەخۆشحاڵیەوە دادگا لاری نەبونی خۆی پیشاندا بۆ ئەم داواكارییەو بڕیاریدا كاری بۆردەكە بخرێتە خانەی داواكاری ئینتیدابەوە، ئەمەش كارئاسانی و رێگەخۆشكەرە بۆ بۆردی پارێزەران.