ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کاریگەری ئەوبڕیارە لەسەر کورد و پەکەکە لە داهاتوودا، دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد ڕایگەیاند:" پەکەکە بڕیارێکی هەڵەی داوە و هەنگاوێکی باشی نەناوە، چونکە ئەم بڕیارەی پەکەکە بێبەرامبەرە، وە هەمیشە کاتێک کەسێک هەنگاوێک دەنێت دەبێت لایەنی بەرامبەریش کاردانەوەی هەبێت و هەنگاوبنێت، بەڵام تائێستا ڕوننییە تورکیا چی دەکات و چۆن هەنگاو دەنێت.'

وتیشی:"بەبێ ئەوەی تورکیا دەستپێشخەرییەکی ئاشکرابکات و پەکەکە بڕیاری دانانی چەک بدات بە بڕوای من هەنگاوێکی هەڵەیە، بەڵام ئەگەر تورکیا ڕەزامەندی دەرببڕێت لەسەرئەوەی کە پەکەکە وەک حیزبێکی سیاسی کاربکات ئەوا ئەوکات ڕێی تێدەچێت پەکەکە بڕیاری چەک دانان دەربکات، بەڵام ئەگەر تورکیا بەمەش ڕازی نەبێت ئەوا ئەوکات پەکەکە لەپێناوچیدا بڕیارێکی لەوجۆرە دەردەکات؟

لەوەڵامی ئەوپرسیارەی کەئایە ڕۆڵی لایەنی سێیەم کە مەبەستمان ئەمەریکا و ئەوروپایە چیە لەم پرسەدا و پێتان وانییە ئەوان ڕۆڵیان هەبوبێت؟ دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد، ڕونیکردەوە:" ئەوان دەبێت ڕۆڵیان چیبێت، ئەو شتانە دەبێت ئاشکرابن، پەکەکە بەئاشکرا هەموو هەنگاوێکی خۆی ناوە لەبەرامبەر ئەوەشدا خۆ دەبێت تورکیاش قسەی هەبێت، تەنها ئەوەندە دەڵێن کە تیرۆر تەواودەبێت و ئامادەنین بهێڵن سەرکردەکانی پەکەکە بگەڕێنەوە تورکیا، بەداخەوە من ئەم هەڵوێستەی پەکەکە بەخراپ دەزانم تەنها لەیەک حاڵەتدانەبێت ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر تورکیا ڕازی بێت پەکەکە وەک هێزێکی سیاسی لە تورکیا بەپێی یاسا کاربکەن.'

لەوەڵامی ئەوپرسیارەی کە ئایە پێتانوانییە بەشێک لە پەکەکە چەک دانەنێت و بەردەوام بێت لە خەباتی چەکداری؟ دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد ڕونیکردەوە :" هێشتا ڕوون نییە، کە ئایە شتێکی وەها ڕوودات یاخود نا، دەبێت چاوەڕوانبین، چونکە پەکەکە فەرمانەکانی ئۆجەلان جێبەجێ دەکەن، بەڵام ئایە ئەمجارەش هەروادەبێت یاخود بەشێکیان ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکەن، بۆیە دەبێت چاوەڕوانبین. '