ڕوانگە ـ دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا ، هەموو رۆژێک بە تویتەکانی گۆڵمەزێک ئەنێتەوەو هەر زوو خودی خۆشی هەوڵی چارەسەرکردنی ئەدات.
ئەمریکا لە سەرتاسەری جیهاندا عەوداڵە بە شوێن بەرژەوەندیەکانی خۆی و لە بەرانبەر خۆیشیدا ووڵاتی چین بە سەرچاوەی ترسێکی گەورە لە سەر ئایندەی ووڵاتەکەی دەبینێت لە رکابەری و ململانێی ئابووریی، تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکرد، بۆیە شەڕی نێوان هیندستان- پاکستان هۆکارو سەرچاوەکەیان هەردوو جەمسەرەکەیەو ئەو ناکۆکییەش زۆر کاریگەر ئەبێت لە سەر ئایندەی پەیوەندی نێوان ئەمریکا- چین.
خوڵقاندنی قەیرانی کشمیریش وەک فشارێک بوو
بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکانی ژونێف، بۆ دروستی ئەم بۆچوونەکەشمان ، بینیمان لە ئەنجامی ئەو شەڕو تێکهەڵچوونەدا ئەمریکا و چین ڕێککەوتوون لەسەر کەمکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر کاڵاکانی هەدوولا بۆ ماوەی 90 ڕۆژ.
ئەم ڕێككەوتنەش دوابەدوای کۆتایی هەفتەیەکی چڕوپڕ دێت لە دانوستانەکانی بازرگانی، کە لە جنێڤ بەڕێوەچوو و بەرپرسانی دوو گەورەترین ئابووری جیهان ئەمریکاو چین بەشداریان تێدا کرد. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش، ئەمریکا بۆ ماوەیەکی کاتی باجی گومرگی لەسەر کاڵا چینییەکان لە 145٪ بۆ 30٪ کەم دەکاتەوە، لە بەرامبەریشداچین باجی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی کاڵا لە ئەمریکاوە لە 125٪ بۆ 10٪ کەم دەکاتەوە.
هەردوولا بڕیاریشیاندا میکانیزمێک بۆ بەردەوامی گفتوگۆکان سەبارەت بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان بدۆزنەوە.
روداوە گرنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەرنجامی ئەو شەپۆلانەیە کە دەرژێنە هەمان دەریاوە.
لە کۆبونەوەی لوتکەی ئەمریکی- عەرەبیش، کە لە عەرەبستانی سعودی بە ڕێوەئەچێت ، سەبارەت بە چارەنووسی فەلەستین، سوریا، لوبنان، ئوردن،عێراق، کە هەر هەموویان وڵاتی شامی کۆن پێکدێنن بڕیاری گرنگی تێدا دەدرێت، ئەو وڵاتانە کارلێکەرو کاریگەرن لەسەر کۆی کێشەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
خۆ هەڵوەشانەوەی PKK یەکێکە لە روداوە ئاڵۆزو هەرە گەورەکانی ناوچەکەیە، دیسان پەیوەندی بە کۆی ناکۆکیە جیهانیەکانیشەوە هەیە، کە چەندین شرۆڤەی جیاجیا هەڵئەگرێت. پرۆسەکەش بەگشتی کاریگەری لەسەر هاوکێشەو هاوسەنگی سیاسیی نێوان حیزبە کوردستانیەکانیش دەبێت.
هەر لەو سۆنگەیەوە، ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوا لەپرۆسەی ئاشتی تورکیا بەرپرسیارێتی گەوەریان لە ئەستۆ دەبێت.
ئاکامی دانوستانە ئەتۆمی و موشەکیەکانی نێوان ئەمریکاو ئێرانیش لە چەقی پرسە گرنگ و کاریگەرەکانی جەنگ یان ئاشتی جیهاندایە، ئەنجامی ئەو دانوستانەش تا ئێستا روون و ئاشکرا نیە.
وێڕای ئەوەی ئەمریکا لەگەڵ حوسیەکان رێککەوتوون بەڵام ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حوسیەکانی یەمەن بەردەوامە.
ئەوەی شایەنی باسە هەر ئەمڕۆ بۆ تاوتۆکردنی پێشهاتە سیاسیی و کێشە سنوریەکانیان لە ناوچەکە وەزیری دەرەوەی هەر سێ دەوڵەتی تورکیا، سوریا، ئوردن لە ئەنقەرە کۆبونەوە.
ئەم کارەیان رۆژێک پێش کۆبونەوەی لوتکەی ئەمریکی -عەرەب دێت.
ئەوانەی سەرەوە،کە ئاماژەمان پێدان پێشهات و روداوگەلێکن، پێشبینی ئەکرێت گۆڕانکاری گەورەیان لە لەهەناویاندا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگرتبێت.