ڕوانگە - هەوڵەکان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مامۆستایانی ناحێی ڕزگایی لەسنوری قەزای کەلار، بەردەوامی هەیە و سەرۆکی شارەوانی ناحییەکەیش ڕایدەگەیەنێت:"کارکراوە لەسەر دروستکردنی  نەخشەیەک بۆ قۆناغی یەکەم کە زیاتر لە هەزار پارچەزەوی  ئامادەکراوە بۆ دابەشکردن و خۆشبەختانە لەئێستادا نەخشەکەی تەواوبووە و پەسەندکراوە.

ئەندازیار ئەرسەلان ئەحمەد محەمەد سەرۆکی شارەوانی ناحییەی ڕزگاری بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" ئێمە لە شارەوانی هەستاوین بە تەرخانکردنی پارچەزەوییەک لە سنوری شارەوانی و بۆئەومەبەستەش نوسراومان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان کردووە و لەوێشەوە ئاراستەی نەخشەدانانی گەرمیان کراوە.'

وتیشی:" کارکراوە لەسەر دروستکردنی  نەخشەیەک بۆ قۆناغی یەکەم کە زیاتر لە هەزار پارچەزەوی  ئامادەکراوە بۆ دابەشکردن و خۆشبەختانە لەئێستادا نەخشەکەی تەواوبووە و پەسەندکراوە و لەئێستادا لەقۆناغی هەڵسەنگاندندایە و دواتر زەویەکان جیادەکرێنەوە".

سەبارەت بەو خێزانانەیشی کە پێش ساڵی ١٩٩٠ لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە پارچەیەک زەوییان پێدرا و نیشەتەجێی ناحییەکە کران کە ئەوکات ئۆردوگایەکی زۆرەملێی بوو بەناوی (سمود)، سەرۆکی شارەوانی ڕزگاری ڕونیکردەوە؛" پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لەئێستادا پەیوەندی بەڕابردووەوە نییە و ئەم زەویانە بەو کەسانە دەدرێت کە ئێستا فەرمانبەرن و  بەپێی خاڵبەندی دەتوانن لە وەرگرتنی زەوی سودمەندبن.'