ڕوانگە - هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجانی گەرمیان بەردەوامی یان هەیە و بەڕێوەبەری ناحییەی سەرقەڵا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت ،" لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکانی سنورەکە گفتوگۆمانکردووە و داوامان لێکردون کە ئەوان پێویستیان بەچی پسپۆڕییەکە بۆئەوەی کار لەسەرکردنەوەی ئەو بەشانەبکەین لەنێو زانکۆکانی گەرمیاندا بۆئەوەی ئەگەر بەهەرشێوەیەک بێت ئێمە هەوڵبدەین کادیری ئەکادیمی و پسپۆڕ پێبگەیەنین کە بگونجێن لەگەڵ بازاڕی کاری ناوچەکەدا."
دلێر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری ناحێی سەرقەڵا لەسنوری ئیدارەی گەرمیان بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند ،" لە ماوەکانی ڕابردودا مامۆستایانی زانکۆی پۆڵەتەکنیکی گەرمیان داوایان لێکردین کە ڕێگاچارەیەک بدۆزینەوە بۆئەوەی ئەو کۆمپانیایانەی کە لەسنوری ناحییەی سەرقەڵان هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان بڕەخسێنن."
وتیشی ،" دوێنێ وەک یەکەم هەنگاوی کرداری لە زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان یەکەم دیدار لەسەر ئەو بابەتە ئەنجام درا و ئێمە تیایدا ئاماژەمان بەوەکرد کە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆئەوەی کە پێکەوە بتوانین هەلی کار بۆ گەنجانی ناوچەکە بڕەخسێنین".
بەڕێوەبەری ناحییەی سەرقەڵا ڕونیشیکردەوە،" هەربۆئەو مەبەستە ئێمە لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان گفتوگۆمانکردووە و لێمان پرسیوون ئەوان پێویستیان بەچی پسپۆڕییەکە بۆئەوەی کار لەسەرکردنەوەی ئەو بەشانەبکەین لەنێو زانکۆکانی گەرمیاندا بۆئەوەی ئەگەر بەهەرشێوەیەکبێت ئێمە هەوڵبدەین کادیری ئەکادیمی و پسپۆڕ پێبگەیەنین کە بگونجێن لەگەڵ بازاڕی کاری ناوچەکەدا."
دلێر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا، ئاماژەی بەوەشکرد : " دەبوو ئەم هەنگاوە زووتربنرایە، بەڵام هێشتا دەرفەتی باش لەبەردەستایە و بڕیارمانداوە ئەو قسانەی کە لە پانێڵەکەی دوێنێ و ئەو کۆبونەوانەشی کە لەڕابردوودا کراون دەکرێت بە ڕاپۆرتێک و ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکرێت بۆئەوەی کارلەسەر کردنەوەی ئەوبەشانە بکرێت کە پێویست و گونجاون لەگەڵ بازاڕی کار لەگەرمیان."
شایەنی باسە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بەگشتی و سنوری ناحیەی سەرقەڵا بەتایبەتی ژمارەیەکی زۆر کارگە و کۆمپانیا بونیان هەیە و بەشێک لەو کارگەو کۆمپانیایانە بەهۆی نەبونی کادیری پسپۆڕ لە ناوچەکەدا بەناچاری پەنایان بردۆتە بەر هێنانی کرێکاری بیانی.