ڕوانگە - لە چوارچێوەی پاڵپشتی و هاندانی كەرتی پیشەسازی لە سنووری پارێزگه‌ی سلێمانی و بەهێزكردنی ژێرخانی كەرتی كارەبا، دوو پرۆژەی گرنگی گواستنەوەی كارەبا لە سنووری ناوچەی پیشەسازیی عەربەت، بە سەرپەرشتيی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەراتيی گشتيی كارەبای سلێمانی جێبەجێ دەكرێن.

پرۆژەکان  بریتين لە ڕاكێشانی هێڵی ١٣٢ كەی ڤی بۆ بەستنەوەی وێستگەی كارگەی ئاسنی سبائك بە تۆڕی كارەبای نیشتمانی و دامەزراندنی وێستگەیەكی كارەبای ١٣٢ كەی ڤی سبائك ئەلحەدید و دانانی محاویلەیەكی ٣٣ كەی ڤی، گوژمه‌ى هه‌ردوو پرۆژه‌ش زياتر له‌ ١٣ مليار ديناره‌.

سەبارەت بە گرنگيی پرۆژەكانيش، ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتيی كارەبای سلێمانی، ڕایگەیاند:"جێبەجێکردنی ئەم دوو پرۆژەیە لە سنووری پارێزگه‌ی سلێمانی دەبێتە هۆی بەهێزكردنی تۆڕی كارەبای هەرێم بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی پارێزگه‌ى سلێمانی بە تایبەتی، ئەوەش بە بەستنەوەی وێستگەكانی تانجەرۆ، پێنجوێن، ئەزمه‌ڕ و دەربەندیخان بەیەکترەوە.