ڕوانگە - ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.5.14، بە یاوەرى شاکر حسێن، بەرپرسى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و ئێران، سەردانى کونسڵخانەى ئێران لە هەولێر کرد و لەلایەن فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازیی لێکرا.
لە دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر، زۆر سوپاسى بەڕێز ئەسەدى و ستافى کونسڵخانەى ئێرانى لە هەولێر کرد، بۆ ڕێکخستنى سەردانەکەى پێشووى بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و بەشداریکردنی لە پیشانگای ( ئێران - ئێکسپۆ 2025 ) و ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ و سەرکەتوو لەگەڵ جێگری سەرۆککۆمار و جێگری وەزیری دەرەوە و وەزیری پیشەسازیی و پارێزگارانی ( تاران، قەزوین، زنجان، ورمـێ ) و ژمارەیەکی دیکە لە پەرلەمانتاران و سەرۆک و ئەندامانی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی و بازرگان و پیاوانی کار، و هەوڵەکانى بەڕێزیانى لە ڕێکخستن و بەرنامەڕێژى دیدار وکۆبوونەوە و بەرنامەى سەردانەکەیان بەرز نرخاند.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، هەردولا ئامادەکارى و بەرنامەڕێژى دیدار و کۆبوونەوەى فراوانى ساڵانەى پارێزگارانی سنوورى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەگەڵ پارێزگارانى هەرێمى کوردستانیان خستە بەر باس و گفتوگۆ، کە بڕیارە لە هەفتەى داهاتوو لە شارى سنە "پارێزگاى کوردستان" بە ئامادەبوونى شاندى فەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى بەڕێز ئومێد خۆشناو، لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگاکانى ( هەولێر، ئازاربایجانى ڕۆژئاوا ( ورمێ)، سلێمانى، کوردستان، دهۆک، کرماشان، هەڵەبجە ) و بە هێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان بەرێوەبچێت.
لە کۆتایدا سەرکونسڵی گشتیى کۆماری ئیسلامی ئێران، خۆشحاڵى بەسەردانى پارێزگارى هەولێر بۆ کونسڵخانە نیشاندا و هێواى خواست سەردانى ئەمجارەشیان بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران سەرکەوتووبێت و بۆ ئەومەبەستەش ئامادەیی هەموو هاریکارى و پشتیوانیەکى خۆى و کونسڵخانەى دووپاتکردەوە.