ڕوانگە - رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٥/٥/١٥، لە رێورەسمێکدا دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و بەیاوەری د.ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بەردی بناغەی دروستکردنی رێگای گوندەکانی (گۆڕی مسقاڵ-هەوارەقوڵە-کاکەبرا-کونەکۆتر-دوڕیانی ژاڵەی رۆغزایی) لە ناحیەی رزگاری دانا.

لە وتارێکدا، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن خۆشحاڵی دەربڕی بە سەردانی بۆ گەرمیان و رایگەیاند، هاتوین بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژە دابنێین، ئەم پڕۆژەیەش خزمەتێکی گەورە بە سنورەکە دەکات و جگە لە کارئاسانی بۆ هاتوچۆ، لەڕوی گەشتیاری و کشتوکاڵیش سودی گرنگی دەبێت.

جەختی کردەوە، ئەوەی لە تواناو وزەی ئێمەدا بێت درێغی ناکەین و وتی "لێرەوە مژدە بەهاونیشتیمانیانی گەرمیان دەدەین ژمارەیەک پڕۆژەی تر بۆ خزمەتکردنی زیاتری سنورەکە لە تەواوبوندایەو پڕۆژەی دیکەش دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەکرد، خەڵکی گەرمیان پێویستی بەخزمەتکردنی زیاترەو ئەرکی ئێمەو حکومەت و وەزارەتەکانە خزمەتیان بکەین.

لای خۆشیەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان سوپاسی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی کرد بۆ خەمخۆری و ئەنجامدانی پڕۆژەکانی وەزارەت لە سنوری گەرمیان و پشتیوانی ئیدارەی گەرمیانی بۆیان دوپات کردەوە.

پڕۆژەکە پێکهاتوە لە رێگایەک بە درێژی (١٤.٥)کم، بڕی زیاتر لە چوار ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.