ڕوانگە - یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بە رێگەی زەمینی بەرەو سعودیە بەڕێکەوت و پرۆسەکەش تا 28ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
پێشتر، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە ئاشکرایکرد، سەرجەم ئامادەکارییەکیان بۆ پێشوازی لە وەرزی حەجی ئەمساڵ تەواوکراون، حکومەت بە بڕی چوار ملیار و 200 ملیۆن دینار پاڵپشتی پرۆسەی حەجی کردووە.
ئەمڕۆ و سبەى حاجیانی کوردستان بە رێگای وشکانی بەرێدەکەون کە ژمارەیان هەزار و 645 حاجییە، رۆژی 19ـی ئایاریش یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو سعودیە بەرێدەکەون کە ژمارەیان سێ هەزار و 491 حاجیە.
هەروەها گەشتە ئاسمانییەکانی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە 19 بۆ 28ـی ئایاری ئەمساڵ بەردەوام دەبن.
لە ماوەی رابردوودا كاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بە زوومی راگەیاند، لەمساڵدا پشکی حاجیانی هەرێمی کوردستان زیادکراوە و بڕیارە لەمساڵدا زیاتر لە پێنج هەزار کەس بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە بچنە سعودییە.