ڕوانگە - تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی رایگەیاند: پڕۆسەی ئاشتی نابێت درێژ بکرێتەوە و پێویستە بە خێرایی بچێتە پێش، لەبەرئەوەی درێژبوونەوەی پڕۆسەکە دەتوانێت ببێتە هۆی تێکدانی لە لایەن ئەوانەی کە بە نەرێنی سەیری دەکەن.
سەبارەت بە پێناسەی هاووڵاتیبوون لە دەستووری تورکیادا، باکرهان گوتی: هەموو ئەو 85 ملیۆن کەسەی لە تورکیا دەژین تورک نین، بەڵام هەموومان هاووڵاتیی کۆماری تورکیاین.
گوتیشی، ئەم جوگرافیایە هی هەموومان بووە و سەدان ساڵە پێکەوە لەم جوگرافیایە دەژین. بۆیە قەتیسکردنی هەمووان لە یەک ناسنامەدا یەکێکە لە کێشە بنەڕەتییەکان و پێویستە پێناسەی هاووڵاتیبوون هەموو جیاوازییەکان بگرێتەوە.
باکرهان بانگەشەی داواکردنی ئۆتۆنۆمی بەم قسەیە رەتکردەوە و گوتیشی: ئەگەر ئۆتۆنۆمیمان بوویستایە، بە ئاشکرا داوامان دەکرد.