ڕوانگە - بەمەستی پارێزگاریکردن لە ئاژەڵەکێویەکانی ناوچەکە و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەبۆیان، ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٥/٥/١٧، ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژینگە سەردانی گوندەکانی سنوری ناحیەی ڕزگاری سەربە قەزای کەلاریان کرد و چەند سەرچاوەیەکی ئاویان پاککردەوە.

یاسین محەمەد ئەمین، سەرۆکی گروپی ژینگە پارێزانی گەرمیان، بۆ ڕوانگە  ڕایگەیاند:" ئێمە وەکو گروپی ژینگەپارێزانی گەرمیان بەهاوکاری چەند گروپێکی دیکە سەردانی گوندەکانی سنوری ناحیەی ڕزگاریمان کردووە، لێرە چەند سەرچاوەیەکی ئاوی تێدایە کە ئەمساڵ بەهۆی کەم بارانییەوە وشکیان کردووە ئێستا سەرقاڵی دەردانی ئەو سەرچاوە ئاوانەین."

وتیشی:" سوپاسی دێکان شەهید حەمە چاوشین، ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان دەکەین، کە ئەرکی ئەم چالاکیەی گرتۆتە ئەستۆ."
سەرۆکی گروپی ژینگە پارێزانی گەرمیان، ڕونیکردەوە؛" بەهیواین لەڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەنگمان بگات بە هەمولایەک و هەمو لایەک هاوکارمانبن، لەبەرئەوەی ئەم گروپە ژینگەیانە خۆبەخشن و هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە، بۆیە دەکرێت هەمو لایەنێک هاوکاربن بۆپاراستنی ژینگە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد،ناوچەی گەرمیان بەهۆی وشکەساڵییەوە ئەمساڵ لە مەترسیدایە و ئەوسەرچاوە ئاوانەشی کە هەن خەریکە لەناودەچن، وە هەندێک شوێن هەن لەڕێگەی تانکەرەوە ئاویان بۆ دابین دەکەین."

یاسین محەمەد ئەمین، سەرۆکی گروپی ژینگە پارێزانی گەرمیان، ئەوەیشی خستەڕوو؛" سوپاسی هاوڵاتیانی گوندەکان دەکەین هاوکار و پشتیوانمانن بۆ پارێزگاریکردن لە ژینگەی ناوچەکە".