ڕوانەگە - لەمیانەی کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ کۆمەڵێک لەمامۆستایان‌و پەروەردەکاران لەسەرتاسەری ئێران، ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، بەشێک لەو لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ لەکاتی سەردانەکەی بۆ ناوچەکە داویەتی، بەهیچ شێوەیەک شایانی وەڵامدانەوە نین، بەڵکو یەک یان دوو ڕستەی شایەنی هەڵوێستەن، ئەویش کە ترەمپ وتی، دەیەوێت هێز بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی ئاشتی! ترەمپ لەمەیاندا درۆی کرد".

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردوەتەوە ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆرشی ئیسلامیی ئێران ڕونیشیکردۆتەوە، "ئاستی قسەکردنی ئەو هێندە نزمە شەرمەزارییە بۆ کەسەی باوەڕی پێبکات، هەروەها بۆ گەلی ئەمریکاش مایەی شەرمەزارییە، ئێمە بایەخ بەهەموو ئەوانە نادەین، بەڵام پێویستە لەسەر یەک یان دوو ڕستە هەڵوەستە بکەین".

ئایەتوڵڵا خامنه‌یى ڕایگه‌یاندوه‌، "ترەمپ وتی، دەیەوێت هێز بەکاربهێنێت بۆ گەیشتن بەئاشتی؛ درۆی کرد، ئەو لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکاو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا، هێزیان بەکارهێنا بۆ کۆمەڵکوژی لەغەززە، بۆ هەڵگیرسانی شەڕ لەهەر شوێنێک کە لەتوانایاندا بوو، بەمجۆرە هێزیان بۆ سەپاندنی ئاشتی بەکارهێناوە؟!".

ئەوەیشی خستۆتەڕوو، "بەڵێ، دەتوانرێت هێز بۆ ئارامی‌و ئاسایش بەکاربهێنرێت، هەر لەبەر ئەم هۆیە، بەکوێرایی چاوی دوژمنان، بەپشتیوانی خوا، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەردەوامدەبین لەبەهێزکردن‌ و پتەوکردنی هێزی وڵاتەکەمان، بەڵام ئەوان هێزیان بەکارهێنا بۆ ئەوەی بۆمبی 10 تۆنی بدەن بەقەوارەی زایۆنی، بۆ ئەوەی بەسەر منداڵانی غەززەو نەخۆشخانەکان‌و ماڵی خەڵکدا بیبارێنێت، جا چ لە لوبنان یان هەر شوێنێکی دیکە بێت کە دەستیان پێی ڕابگات".

ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختیشیکردەوە، "سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت وڵاتانی عەرەبی ناتوانن بەبێ ئەمریکا بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بژین! ترەمپ بەڕاشکاوی وتی ئەگەر ئەمریکا نەبوایە، تەنانەت 10 ڕۆژیش نەیاندەتوانی بەردەوامبن؛ ئەمریکا ئەوان دەپاریزێت".