ڕوانگە - بەمەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمریکا و کۆنگرێس.هەروەها کۆبونەوە لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی ئەمەریکی و قسەکردن دەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی نێوانیان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەمەریکا.
دوێنێ شەممە ٥/١٧ ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی حکومەتی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە واشنتن.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، تایبەتە بە پتەوکردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی و هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە.
هەر لەم سەردانەدا سەرۆکی حکومەت، بەشداریی لە گفتوگۆیەکی تایبەتی کۆڕبەندی وزە لە واشنتن دەکات بە ناونیشانی “داهاتووی وزە لە هەرێمی کوردستان”. کە ڕوانین و دیدگای هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە دەخاتە ڕوو و و تیشک دەخاتە سەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا.