ڕوانگە - ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٥/٥/١٨ بەرگریی شارستانیی پارێزگای سەلاحەددین بڵاویکردەوە، ئاگر لەیەکەیەکی پاڵاوگەی بێجی، کە بە پاڵاوگەی ڕۆن ناسراوە، کەوتووەتەوە.

بەرگریی شارستانیی سەلاحەددین بڵاویکردووەتەوە: تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە زوو فریا کەوتوون توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و ڕێگری بکەن لەوەی زیان  بە یەکەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی نێو کۆمەڵگەی نەوتی بێجی، بگەیەنێت.

بەرگریی شارستانیی سەلاحەددین، ڕونیشیکردۆتەوە:"
لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە لەلایەن تیمە شارەزاکان دەستی پێ کردووە.

جێی باسە پاڵاوگەی بێجی بە گەورەترین پاڵاوگەی پیترۆکیمیایی عێراق هەژمار دەکرێت و توانای بەرهەمهێنانی بە 310 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دیاری کراوە و لە ئایاری 2014 لەلایەن چەکدارانی ڕێکخراوی داعش دەستی بەسەرداگیرا، دواتر لە ساڵی 2015 لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە ڕزگار کرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر لەکارکەوتنی پاڵاوگەکە، دوای گەڕاندنەوەی بەشێک لە پارچەکانی پاڵاوگەکە، لە شوباتی 2024 توانرا جارێکی دیکە بە فەرمی بخرێتەوە کار.