ڕوانگە - تادێت بازنەی ناڕەزایەتییەکان دژی پرۆژەی ڕوناکی کە بە پرۆژی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی ناودەبرێت لەهەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت و ڕۆژنامەنوسێکیش ڕایدەگەیەنێت؛"لەهەرێمی کوردستا هەردوو حزبی دەسەڵاتدار تەنها چاویان لە قازانج و دەسکەوت و بازرگارنییە."
لاوان ئەحمەد، ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی لە گەرمیان بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛"پڕۆژەی بەناو ڕوناکی ( کارەبای ٢٤ کاتژمێری)ی پارتی و یەکێتی ییە لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکە بۆ هاڕینی گۆشت و ئێسکی خەڵک و بزنس کردن بەسەر خەڵکەوە."
وتیشی؛"لە دنیادا وا باوە حکومەت پاڵپشتی هەندێ کەرتی پەیوەست بەژیانی خەڵک دەکات لەوانە کەرتی تەندروستی ، پەروەردە ، کارەبا ...تاد بۆ ئەوەی کەم بکەوێت لەسەر خەڵک ، بەڵام لەهەرێم بە پێچەوانەوە هەردوو حزبی دەسەڵات چاویان لە قازانج و دەسکەوت و بازرگارنییە".
لاوان ئەحمەد، ڕونیشیکردەوە؛"لێرەدا حزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی تاک و کۆی کۆمەڵگا لەبەردەم دوو بژاردەدان یەکەم ڕەتکردنەوە ئەم ستەمە ئەم گرانییە لە نرخی کارەبا، ئەمەش بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و هاتنە سەرشەقام دەبێت ، بژاردەی دووەم قبوڵکردنە کە لەگەڵ خۆیدا بەکرێچیکردن دێنێت."