ڕوانگە - مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی عەربەت ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکرد کە بەچەکوش هێرشیکردە سەر هاوڵاتییەک و برینداریکرد.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"دوای ئەوەی دوێنێ ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٥/١٨، لەگەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی تۆمەتبارێک بەچەکوش هێرشیکردە سەر هاوڵاتییەک و برینداریکرد، دواتر تۆمەتبار بۆ شوێنێکی نادیار هەڵات.
دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستیپێکرد."

وتیشی:"لەلێکۆڵینەوەکانی پۆلیسدا دەرکەوت کە تۆمەتبار بەرەو ناحیەی عەربەت هەڵاتووە، بەشی پۆلیسی ناوشار/ڕۆژئاوا بنکەی پۆلیسی عەربەتی ڕاسپارد بۆ دەستگیرکردنی".

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕونیشیکردەوە:"دوای دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتبارو وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا لەماوەی کەمتر لەهەشت سەعات لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی عەربەتەوە تۆمەتبار دەستگیربکرێت."

سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەشکرد:"لەئێستادا تۆمەتبار (ت، س، ع) لەدایکبووی ١٩٧٧ بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە."