ڕوانگە- هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاژەڵەکێویەکان و بەتایبەت پاراستنی ئاسک لەگەرمیان بەردەوامییان هەیە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیانیش ڕایدەگەیەنێت:" سەرەڕایی کەمی کارمەند، بەڵام توانیومانە تاڕادەیەکی زۆرباش ڕێگری لە دیاریدەی ڕاوکردن بکەین.
موقەدەم هاشم عەلی ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛"ئێستا وەرزی زاوزێی ئاسکە لە گەرمیان، بۆیە لەم کاتەدا ڕاوچییەکان زیاتر هەوڵی ڕاوکردن دەدەن، بەڵام ئێمە لەم کاتەدا بۆ ڕێگریکردن لە دیاریدەی ڕاوکردن، ناچارین کارمەندی نوسینگەکانی ناو بەڕێوەبارایەتییەکەمان داناوە، بۆئەوەی هاوکاری بەش و بنکەکان بکەن و خاڵەکانی چاودێریکردنمان زیادکردووە".
وتیشی؛"هەرچەندە ئامارێکی دەقیقی ئەم مانگەمان لەبەردەستدانییە لە بارەی دەستگیرکردنی ڕاوچییەکانی سنورەکەوە، بەڵام ڕۆژانە ڕاوچی دەستگیردەکرێت".
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژینگە لەناوچەکەدا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان ڕونیکردەوە؛"لەوکاتەوەی وەک وتەبێژی پۆلیس و دارستانی ژینگەی گەرمیان دەستبەکاربوم، تائێستا یەک ڕێکخراوی ژینگەی بەمەبەستی هەماهەنگی کردن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیانی نەکردووه، بەڵام ڕەنگە پەیوەندییان لەگەڵ بەش و بنکەکانداهەبێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشبەختانە لەگەڵ دانیشتوانی گوندەکان و شوانکارەکاندا پەیوەندییەکی زۆرباشمان هەیە، ئەوان زۆرجار هاوکارمان دەبن و ئەمەش وایکردووە خەڵک هۆشیارببێتەوە و دیاریدەی ڕاوکردن کەم ببێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا خەڵکانێک هەن کە ناڕۆشنبیرن و بەردەومن لە ڕاوکردن".
موقەدەم هاشم عەلی ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، باسی لەوەشکرد؛"سەرەڕای ئەوەی ئەو سزایانەی کە دانراون بۆ ڕاوکردن سزای سوکن، بەڵام ئێمە چەندجارێک داوامان کردووە سزاکان توندبکرێنەوە، بۆئەوەی لەڕێگەی یاساوە بتوانرێت زیاتر ڕێگری لە دیاریدەی ڕاوکردن بکرێت، خۆشبەختانە سەرۆکی داواکاری گەرمیان سەرجەم دادگاکانی ئاگادارکردۆتەوە کە بەتوندی سزای ئەوکەسانە بدەن کە لەناوچەکەدا ڕاودەکەن و ئەوانیش بەجدی کار لەسەر پرسی ڕاوکردن دەکەن".