ڕوانگە -  ئیسرائیل بەنیازە لە ئۆپراسێۆنێکی گەورەدا کەرتی غەززە داگیربکات و ناتانیاهۆش ڕایدەگەیەنێت؛"هەوڵدەدرێت لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە بەر بەبرسێتی‌و قەیرانی مرۆیی لەغەززە بگیرێت".

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل  بڵاویکردۆتەوە؛" جەنگێکی قورس‌و سەخت لەغەززە لەئارادایە، بەڵام بەرەوپێشچونی گەورە بەدەستهاتوە".

دەشڵێت:"سوپای وڵاتەکەی هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە دەستپێکردوەو سەرکەوتنی کۆتایی پێویستی بەپێداگریی‌و ملنەدان هەیە".

ناتانیاهۆ ئاماژەى بەوەشکردوە، پێویستە لەڕێگەی گرتنەبەری ڕێکاری دیپلۆماسی، بەر بەبرسێتی‌و قەیرانی مرۆیی لەغەززە بگیرێت.

لێدوانەکەی ناتانیاهۆ لەکاتێکدایە کە بڕیاری کۆنترۆڵکردنەوەی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، شەپۆلێکی نیگەرانی لەناو کۆمەڵگەی جیهانی‌و وڵاتانی ناوچەکە لێکەوتوەتەوەو سکرتێری نەتەوەیەکگرتوەکانیش هۆشداریی لەسەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورە مرۆیی‌و کۆمەڵکوژیی لەو ناوچەیە دەدات.