ڕوانگە -شاندى پارێزگارانی هەرێمى کوردستان بە سەرپەرەشتی ئومێد خۆشناو بۆ بەشداریی لە سێیەمین دیدارى پارێزگا هاوسنوورییەکان گەیشتە سنە.
ئەمرۆ سێشەممە، 2025.5.20، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە پێکهاتووە لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى و د.عەلى تەتەر، پارێزگارى دهۆک و نوخشە ناسح، پارێزگارى هەڵەبجە و شاکر حسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئێران و بەرپرسانی کۆمەڵگای سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و باشماخ و سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی پارێزگاکانی هەرێم و شاندى یاوەریان، گەیشتە فڕۆکەخانەی شارى سنە ( پارێزگاى کوردستان ) و لەلایەن ئارەشی زرێ تەنی لهۆنی، پارێزگاری کوردستان و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆی ئێران و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی باڵای شارەکە بەگەرمی پێشوازیان لێ کرا.
وا بڕیارە شاندی حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە چوارچیوەى سێیەمین دیدارى پارێزگا هاوسنوورییەکان، کە ئەمڕۆ و بەیانی له شارى سنه بەڕێوەدەچێت لەگەڵ پارێزگارانى ( ئازربایجانى ڕۆژئاوا “ئورمیە” ، سنە “پارێزگای كوردستان”، کرمانشان )، چەندین دیدارى گرنگ بەمەبەستى بەهێزکردنى جوڵە و ڕهوشی بازرگانی و برهودان به بواری كولتوورى و پێوهندییه ئابوورییهكانى نێوان کۆمارى ئیسلامى ئێران و هەرێمى کوردستان، ئەنجامدەدەن.