ڕوانگە ـ شکستی لایەنەکانی ئۆپۆزسیون لە دروستکردنی بەرەیەک، دەرخەری کۆمەڵێک دیاردەی قوڵی کەلتوری و سیاسیە لە باشور. سەرەتا بە گشتی هەرگیز لە مێژودا ڕوینەداوە هێزی کوردی خۆیان بتوانن پێکەوە بەرە دروست بکەن. هەمیشە هێزی دەرەکی پاڵنەری کوردبوە بۆ یەکخستن. دوا کوبۆنەوەی قامیشلۆ وەها بینرا کە کورد خۆی ئەو کارەی کردوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمریکا و فەرەنسا و وڵاتانی تر کول بون لە هەوڵدانیان بۆ کۆبونەوەی ئەو لایەنانە.
ئەمە دیاردەیەکە دەبێت بخرێتە ژێر بیرکردنەوە و تێڕامانەوە، بۆ کورد ناتوانن پێکەوەبن؟ هەندێک هۆکاری ڕوون و زەقە، کە کاریگەری لە سەر دروستنەبونی بەرەی ئۆپۆزسیونیش هەیە، بۆ نمونە:
یەکەم، زاڵبونی شەخس و ئامانجەکانی بە سەر بزوتنەوە سیاسیەکاندا. بەو مانایە بزوتنەوەی سیاسی کوردی ئامانج و بەرنامە و دونیابینی و خواستی کۆمەڵگایی بەڕێوەی نابات.
دووەم، زاڵبونی ئیگۆ و سایکۆلۆجیا بە سەر سیاسەتکردندا. ئیگۆ بە گشتی توانای کرانەو و سازش و گفتوگۆی نیە، چونکە ترس و سەپاندن زاڵە بە سەریدا.
سێیەم، نەبونی بیر یان فیکر لە کایەی سیاسیدا. چونکە ئەگەر فیکر هەبێت دەتوانێت لە گەڵ ئەوانیتردا بێت و خۆشی بێت لە هەمانکاتدا. ببەخشێت و وەرگرێت بەبێ ئەوەی ترسی هەبێت بسڕێتەوە.
فاکتەرە هەنوکەییەکان.
ئەو هۆکارانەی سەرەوە، وەهایکردن زەمینەی ئەوە بسازێت کە کەسە سیاسییەکان لە یەکتر بترسن لە بەرەیەکدا، لە بڕی ئەوەی وەها بیر بکەنەوە کە ڕەنگە بەهێز بن. ئەمەش پاشخانی ئەوەبوو کە کێ دەبێتە خاوەنی بەرەکە، کێ سودمەند دەبێت و کێ زەرەمەند دەبێت. گوتاری ئەوەی من بەرەیەک دروست دەکەم، تۆ یان لە گەڵمدای یان خیانەتکاری، درخەری کرۆکی ئەو نەخۆشییە سایکۆلۆجیانەیە کە بەناو سیاسی کورد بە دەستیەوە دەناڵێنێت. پێکەوەبون بریتی نیە لە چونە ژێرباڵ یان بوون بە بەشێک لە ئەویتر بەڵکو بریتیە لە توانای دروستکردنی هاوبەشی و زاڵبون بە سەر جیاوازی لە پێناو ئامانجێکدا. ئەمەش کاتێک دێتە دی کە عەقڵیەتی دەزگا هەبێت. بەو مانایە بەشدارەکان ڕۆڵیان هەیە لە پێناو ئامانجەکەدا، نەک لە پێناو خۆیاندا.
ئەمانە هەموو زەمینەسازبوو کە یەکێتی و پارتی بتوانن دەستبخەنە ناو پرۆسەکەوە و لەباری بەرن.
ئۆپۆزسیون لە کوردستان بە گشتی بە دەستی قەیرانی چیەتی ئۆپۆزسیونبونەوە دەناڵێنێت. ئۆپۆزسیونبون بریتیە لە بونی پلانێکی بەدیل بۆ حوکمرانی وەک ئامانجی گەورە، لە هەمانکاتدا تەریب بەوە چۆن لە ژیانی ڕۆژانەی سیاسیدا لە سایەی ئەو دیدە گەورەدا مامەڵەی سیاسی دەکەیت، لە پێناو برەودان بە بەرنامە گەورەکە. بیرمەندی گەورە ئەشعیا بەرلین جیاوازی دەکات لە نێوان دووجۆر لە بیرمەند، یەکێکیان ڕێویە، کە پلانی کورتخایەنی سنورداری، بەڵام زۆری، هەیە، ئەویتریان ژیژکە، کە یەک پلانی گەورەی هەیە. ئۆپۆزسیون دەبێت لە هەمانکاتدا ڕێوی و ژیژیکیش بێت.