ڕوانگە - بەپێی نوسراوێک کە واژوی عەدنان حسێن- بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان بە وەکالەتی لە سەرە، سوپاس و پێزانین ئاراستەی ٦٠ کەس لە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و بەرپرسانی پەروەردەیی و بەڕێوبەرانی قوتابخانەکانی سنوری گەرمیان کراوە، لە بەرامبەر شکاندنی بایکۆت.

لە نوسراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو: "سەرباری جێبەجێکردنی ئەرکەکانی رۆژانەی خۆتان و لەپای دڵسۆزیی و خەمخۆریتان لە پێشکەشکردنی پەروەردەیەکی باش و سەرکەوتو بە قوتابیان و خوێندکاران، لەهەمان کاتدا هاوکاربون لە شکاندنی بایکۆتی دەوام بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٤-٢٠٢٥) بۆیە بەپێویستی دەزانین سوپاس و پێزانینی خۆمانتان ئاراستە بکەین".
 
لەکۆتایی مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵەوە مامۆستایانی گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد دژ بە خەرجنەکردنی موچەکانیان، لە ناوەڕاستی مانگی ئاداریشەوە بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی گەرمیان شکاندنی بایکۆتی راگەیاند و لە سەرەتای مانگی نیسانەوە دەست بە دەوام لە ناوەندەکانی خوێندندا کرایەوە.