ڕوانگە - شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگاری تارانیان کرد.

پێنجشەممە 2025.5.22، لە تارانی پایتەخت، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، سەردانی پارێزگای تارانیان کرد و لەلایەن محمەد سادق معتەمدیان، پارێزگاری تاران، پێشوازیان لێکرا.

لە دیدارەکەدا، کە هەریەک لە بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران و سەرۆکی ژوورەکانی بازرگانی هەولێر و دهۆک و بەرپرسی کۆمەڵگای سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە تاران ئامادەی بوون، وێڕایی ئەوەی هەردوولا جەختیان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە، دووپاتیانکردەوە کە هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ لە پێناو پتەوکردنى پەیوەندییە پیشەسازى و بازرگانییەکان و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ پێشخستی زیاتری.

لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری تاران، وێڕایی بەخێرهێنانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستەسەر سێیەمین کۆبوونەوەی نێوان پارێزگا هاوسنوورەکانی هەرێم و ئێران و هیوایان خواست لێک تێگەیشتنی نێوان شارەکان، بەرەو پێشچوونی زیاتری جوڵەی بازرگانی و پیشەسازیی بەخۆیەوە ببینێ و بەسوودی هەردوولا بکەوێتەوە.

گووتیشی، وەک پارێزگایی تارانی پایتەخت، کە ناوەدێکی پیشەسازیی و ئابووری گرنگی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، تەواوی هاریکاری و پشتیوانی خۆمان بۆ بەرزکردنەوە و زیاتر کردنی بازرگانی و ئابووری نێوان هەرێم و ئێران دووپات دەکەینەوە.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان، بەناوی شاندی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پارێزگاری تارانی کرد بۆ پێشوازییەکەی و هەروەها ڕۆڵی بەڕێزیان لە یەکەمین ڕێککەوتنامەی نێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگای ورمێ بەرزنرخاندن و ئاماژەی بەوەدا کە بە هەوڵی ئەوبوو ئێستا پەیوەندییەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاستێکی زۆر باش دایە، کە ئەوەش لەسەر ئاستی باڵای هەردوولا ڕەنگی داوەتەوە سەر پەیوەندییەکان.

لەوبارەیەشەوە، گووتی بەرهەمی ئەم ڕێککەوتن و لێک تێگەیشتنانەمان، ئەمڕۆ دیداری بەڕێز سەرۆکی کۆماری ئیسلامی لێکەوتەوە، کە دیدارێکی گرنگ و بەرهەمداربوو و جەنابیان تەواوی پاڵپشتی خۆی بۆ ڕێککەوتنی سەرجەم پارێزگا و شارە هاوسنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی ڕاگەیاند.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، باس لەئامادەکارییەکانی پێشوازیکردن لە هاتنی زیارەتکارانی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق کرا بە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر دڵنییای کردەوە کە هەموو ئامادەکارییەکی پێویست بۆ خزمەتکردنی ئەو ئەزیزانە کراوە.