ڕوانگە - یاریدەدەری ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ڕایدەگەیەنێت؛"یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە پشتبەستن بە بڕیاری سەرکردایەتی خۆی، بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانێتیەکی فراوان بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەر لە سەرەتاوە بە  ئەوپەڕی جیددیەت و ڕاستگۆییەوە بەشداری گفتوگۆ و کۆبونەوەکانی کرد بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانێتیەکی گشتی کە ھەمو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیەکان لەخۆبگرێت."

د هادی  عەلی یاریدەدەری ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ڕونیکردەوە؛" لەو پێناوەدا  وەک یەکگرتوو، ئامادەی ھەمو ئاسانکارییەک بووین، جگە لە ئیستیحقاقی ئینتیخابی خۆی کە بە ھەمو پێوەرێک دەیکەوێت، ھیچ داواکاری و مەرجێکی پێشوەختەمان نەخستەڕوو."

د هادی  عەلی ئاشکرایکرد؛" ئێمە وەک یەکگرتوو، زۆر مەبەستمان بوو کە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دابەشنەبێت و ھەمو پێکەوە بین و ھێزێکی پەرلەمانی پارسەنگ بۆ لایەنەکانی دەسەڵات لە بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دروست ببێت، بەڵام بەداخەوە ھەندێ لایەن بە پاڵنەری زاتی یان ھەر ھۆکارێکی تر، ئامادەیی پێویستیان نەبوو، سەرەنجام دانوستانەکان شکستیان پێھێنرا و ھاوپەیمانێتیە گشتیەکە دروست نەبوو."