ڕوانگە - ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نوێترین زانیاری دەربارەی دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی بڵاوكردەوەو ڕایدەگەیەنێت؛" هەر كاتێك ئەنجومەنی نوێنەران خشتەكانی بودجەی 2025ی پەسەندكرد پلەبەرزكردنەوە دەستپێدەكاتەوە.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند:"وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و سەرەمووچەی فەرمانبەرانی عێراق نووسراوێكی ئاڕاستەی فەرمانگەكان كردووە، بەڵام ئەوە بە مانای دەستپێكردنەوەی پلەبەرز كردنەوە نایەت، بەڵكو بۆ زانینی خەرجیی پلەبەرزكردنەوە و سەرەمووچەیە، تاكو بزانرێت تێچووەكەی چەندە و چەند پارەی پێویستە و لە بودجەی ئەمساڵدا چەندی بۆ تەرخانبكرێت.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی  لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕونیشیکردەوە؛" ئێستا پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران لە عێراق و هەرێمی كوردستان راگیراوە، بەڵام هەر كاتێك ئەنجومەنی نوێنەران خشتەكانی بودجەی 2025ی پەسەندكرد پلەبەرزكردنەوە دەستپێدەكاتەوە.