ڕوانگە - دوای سەردانیکردنی لیژنەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ قەزای خانەقین و بەسەر کردنەوەی دام و دەزگا حکومیەکانی ئەو شارە،  بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە و گیروگرفتەکانی هاوڵاتیان، لە ئێستادا ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت؛"بەبێ پێدانی بەرتیل، مامەڵە لە فەرمانگەی رەگەزنامەی خانەقین بەڕێناکرێت.

کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛"سەردانی فەرمانگەی رەگەزنامەی خانەقینیمان کردووە و بە بەڕێوبەرەکەیمان راگەیاندوە،  رۆژانە ئەو هاوڵاتیانەی کە تۆماری مادەی (١٤٠)ـن و لەگەرمیانەوە دێن بۆ فەرمانگەکە، بەبێ بەرتیل کاروباریان بۆ ئەنجام نادرێت."

وتیشی؛" پێمان ڕاگەیاندوووە کە بەرتیل خواردن بنەبڕ بکە، هاوکات بەنوسراوی فەرمیش داوامان لە وەزیری ناوخۆی عيراق کردووە کە لیژنەیەکی لێکۆلینەوە لەسەر فەرمانگەکە دروست بکات".

کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕونیشیکردەوە؛" دیارەی وەرگرتنی بەرتیل، ساڵانێکە بونی هەیە، بەتایبەت گرفت بۆ ئەو هاوڵاتیانە دروست دەکەن کە خەڵکی  دەرەوەی قەزای خانەقین و بەوشێوەیە ناچاریان دەکەن کە بەرتیل بدەن."