ڕوانگە - لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی گرێبەستە نەوتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیایی ئەمەریکی و هەروەها کاریگەرییەکانی ئەو گرێبەستیانە لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان، دکتۆر غالب محەمەد عەلی ئەندامی پێشوپەڕلەمانی عێراق، ڕایگەیاند؛"هەرێمی کوردستان لە ڕابردودا لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا 57 گرێبەستی کردووە، وە بەشێک لەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستی لەگەڵدا کردون ئێستا نەوت بەرهەم دەهێنن، ڕوژانە 320 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێت، لەوڕۆژەوەی کە دەستیان کردووە بە بەرهەمهێنان تاوەکو مانگی پێشو، (7550 , 1 ) یەک ملیار و حەوت سەد و پەنجا ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەناردە کردووە، بەڵام بەداخەوە داهاتەکەیدیارنییە و ئەو داهاتە نەخراوەتە خزمەت هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە.'

وتیشی؛"سەرەڕایی هەناردەکردنی ئەو ڕێژە زۆرەی نەوت، کەچی حکومەتی هەرێم خۆی دەڵێت: 37 ملیار دۆلار قەرزدارە، هەروەها 57 بۆ 58 مووچەی فەرمانبەرانی نەداوە، واتە لەوڕۆژەوەی کە نەوتمان بەسەربەخۆی فرۆشتووە ئێمە لە غەرغەرەیەکی ئابوری خراپداین، وە کاریگەرییەکی زۆر خراپی خستۆتەسەر ئابوری ئێمە، هەم لەڕویی مووچە و هەمیشە لەڕوی ژیانی تاکەوە کاریگەریی زۆر خراپی کردۆتەسەرمان".

دکتۆر غالب محمەد عەلی، ڕونیشیکردەوە؛"کاریگەری نەرێنی ئەم گرێبەستانە بەجۆرێکە ،کە حکومەتی هەرێمی کردووە بە حکومەتێکی موفلیس کە قەرزدارە، هەروەها لەڕوی خزمەتگوزاریشەوە لەپاشەکشێدایە، هەرلەڕووی خزمەتگوزاریی وزەیشەوە بەرەو دواوە گەڕاوینەتەوە، بۆنمونە پێش ساڵی 2015 نرخی یەک لیتر بەنزین 450 و گاز 400 دینار بوو، بەرمیلێک نەوت 500, 31 سی و یەک هەزار و پێنج سەد دینار بوو، کە عێراق بۆی دابین دەکردین، هەر دوایی بڕیارەکەی نێچیرەڤان بارزانی، کە ڕایگەیاند: ئێمە نەوت بەسەربەخۆی دەفرۆشین، دوایی یەک ساڵ نرخی سوتەمەنی گران کرا و دەعم لەسەری هەڵگیرا و ئێستا بەنرخێکی گران دەستمان دەکەوێت، کەواتە ئەم گرێبەستانە هیچ سودێکی بۆ ئێمە نەبوو.'

دکتۆر غالب محەمەد عەلی ئەندامی پێشوی پەڕلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد؛" ئەم گرێبەستە تازانەش کە کراوە، هەرچەندە ئەم دوو کۆمپانیایەی کە گرێبەستەکەیان لەگەڵدا کراوە دوو کۆمپانیایی وەهمین و پێموایە کورد خۆی دروستی کردووە، چونکە بەپێی"المركز المعياري لكشف التزييف"ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە، بە ئاشکرا دەڵێت: ئەم دوو کۆمپانیایە وەهمین، وە لەلایەن سەربازێکی خانەنشینی ئەمەریکی و کەسێکێکی دیکەوە بەناوی (تەوفیق وەهبی)یەوە، لە عێراقدا دروستکراوە، هەروەها هیچ نوسینگەیەکی فەرمییان نییە و بە ( B , C ) ناویان تۆمار کراوە، واتە هیچ کاریگەرییەکیان نییە لەسەر بڕیاراتی ئەمەریکا، پێچەوانە کۆمپانیا نەوتییەکانی (A) وە ئیکسۆم مۆبێل و ئەوانی دیکە ئەوان کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی ئەمەریکا هەیە، وە دەشڵێت: ئەم دوو کۆمپانیا تەنها لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە شوێنیان هەیە و دەوترێت وەک کۆمپانیایی دیلیڤەریی وەهان و وە لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا لەبواریی نەوت و گازدا کاریان نەکردووە، لە کوردستاندا HKN لە ساڵی 2005 ەوە کاردەکات، وە دو حەقلی ئەتروش و حەقلێکی دیکەی سەرسەنگ لە دهۆکە، هەردوکیان لای ئەوە و نەوت بەرهەم دەهێنێت و هیچ سودێکیان بۆ ئێمە نەبووە، هەروەها ویستن زاگرۆزیش لە ساڵی 2005 ەوە لە کوردستاندا دوو نوسینگەی داناوە کە یەکیان لە هەولێرە و ئەوی دیکەیان لە سلێمانی ییە و ساڵی 2011 حەقلی کوردەمیری پێدراوە و غازی تێدا دۆزیوەتەوە و دواتر بەجێی هێشتووە، کەواتە کۆمپانیایەکی ڕەسمی نییە لەوبوارەدا کاربکات".

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە حکومەتی هەرێمی کردستان بڵاویان دەکاتەوە، کە پێیان وایە ئەم گرێبەستانە دەبنە هۆکارێک بۆئەوەی ئەمەریکا بەرگری لە هەرێمی کوردستان بکات، دکتۆر غالب محەمەد عەلی  ئاشکرایکرد؛"ئەگەر ئەو دوکۆمپانیایەی کە تازە گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە لە ئێستاوە دەست بەکارکردن بکەن تاوەکو 17 ساڵی دیکە ناتوانن 600 مقمقە بەرهەم بهێنن، ئەمەریکا دەیەوێت کێشەی کڕینی غازی ئێران لە عێراقدا چارەسەربکات، ئەگەر ئەمەریکا خۆی بگات بە چارەسەرێک لە کڕینی غاز لەگەڵ ئێراندا، ئیدی ئەم هەرا و هاوارەی هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی دیکەی کە لەم چواردەورەدا هەن لەسەرنامێنێت، هەروەها ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی کارەبایی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئێمە ئێستا دەتوانین بەو هەموو وێستگانەی بەرهەمهێنانی کارەبا 3200 مێگاوات بەرهەم بهێنین، وە پێداویستی هەرێمی کوردستان بۆ کارەبا دەگاتە 7000 حەوت هەزار مێگاوات، واتە هەرێم تائێستا نەیتوانیوە نیوەی کارەبای خۆی دابینبکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی کوردستان 17 ساڵە کێڵگەیەکی داوە بە کۆمپانیای "دانا غاز" توانیویەتی مقمق بەرهەم بهێنێت، ئێستا عێراق پێویستی بە 4500 چوارهەزار و پێنج سەد مقمق، هەیە لە یەک ڕۆژدا بۆیە ئەگەر 17 ساڵی دیکە حیساب بکەین بۆ ئەم کۆمپانیایانە کە 600 مقمق بەرهەم بهێنن ئەوا لە کۆتایدا پێویستییان بە 127 ساڵ و نیو هەیە بۆئەوەی بتوانن ئەو 4500 مقمقە بەرهەم بهێنن، واتە دەکرێت ئەمەریکا چاوەڕێی ئێمە بکات 127 ساڵ و نیوی دیکە ئێمە بە عێراق بڵێین ئێمە دەتوانین غازەکەت بۆ بەرهەم بهێنین و ئیدی لە ئێران غاز هاوردە مەکە؟ کە ئەمە گاڵتەکردنە بە عەقڵی خەڵک.'

دکتۆر غالب محەمەد عەلی ئەندامی پێشوی پەڕلەمانی عێراق، باسی لەوەشکرد؛" ئەمانە دەیانەوێت بە پارە و سەروەت و سامانی ئەم میللەتە کورسییەکەی خۆیان بپارێزن ئەویش بە کڕین و لۆبیکردن لە ئەمەریکا، واتە لە کۆتایدا دەکرێت بڵێین ئەمەریکا هیچ پەیوەندی نییە بەم پرسانەوە و ئەگەر بییەوێت گرێبەستی گەورە بکات دەتوانێت لە شوێنی دیکە ئەنجامی بدات، چونکە  غاز و نەوتمان  بایی ئەوەنییە کە گرێبەستی گەورەی لەسەربکەین، ئەمەریکا بۆ ناچێت لە کێڵگەی "مەجنون" لە بەسرە گرێبەست بکات کە تەنها یەدەگەکەی دە ئەوەندەی ئەوەی هەرێمی کوردستانە، لەبەر ئەوە هەمو ئەو دەنگۆیانەی کە لەبارەی گرنگی ئەم گرێبەستانەوە بڵاو دەکرێتەوە هەموی خەیاڵە دروستی دەکەن و بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام لەسەر وەهمو خەیاڵ ژیاوە و هەربەوشێوەیەش خەڵکی فریوداوە.'