ڕوانگە - براوه‌کانی حه‌فتا و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "کان" ناسێندران و فیلمی سینەمایی "پێشهاتێکی ساکار" له ده‌رهێنانی "جه‌عفه‌ر په‌ناهی" له ئێران، خه‌ڵاتی گرینگی "چڵه خورمای زێڕین"ی باشترین فیلمی به‌ده‌ستهێنا.
ڕێوڕه‌سمی کۆتایی حه‌فتا و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "کان" Cannes له هۆڵی سه‌ره‌کی "شانۆی لۆمیێر" Théâtre Lumière له شاری که‌نارئاویی کان له باشووری وڵاتی فه‌ڕه‌نسا به‌ڕێوه‌چوو و براوه‌کانی به‌شی "پێشبڕکێی سه‌ره‌کی" ئه‌م ڕووداوه گرینگ و پله‌یه‌که‌ی سینه‌مای جیهان له لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م به‌شه‌وه ناسێندران و خه‌ڵاتی به‌شی جۆراوجۆریان به‌ده‌ستهێنا.
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی "پێشبڕکێی سه‌ره‌کی"
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی "پێشبڕکێی سه‌ره‌کی" حه‌فتا و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "کان" که بریتی بوون له: خاتوو "ژۆلیێت بینووش" Juliette Binoche ئه‌کته‌ری ناوداری سینه‌ما - سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا، خاتوو "هالی بێریی" Halle Berry ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا، خاتوو "پایال کاپادیا" Payal Kapadia ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی هیندستان، خاتوو "ئاڵبا رۆهرواچێر" Alba Rohrwacher ئه‌کته‌ر له وڵاتی ئیتالیا، خاتوو "له‌یلا سلیمانی" Leïla Slimani نووسه‌ری فه‌ڕه‌نسی - مه‌غریبی، "دیۆدو حه‌مادی" Dieudo Hamadi ده‌رهێنه‌ر، فیلمساز و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی کۆنگۆ، "هونگ سانگسوو" Hong Sangsoo ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی کۆریا، "کاڕلۆس رێگاداس" Carlos Reygadas ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی مه‌کزیک و هه‌روه‌ها "جێرێمی ستڕۆنگ" Jeremy Strong ئه‌کته‌ر له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا؛ ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:
خه‌ڵاتی "چڵه خورمای زێڕین"
خه‌ڵاتی "چڵه خورمای زێڕین" Palme d'Or باشترین فیلمی به‌شی "پێشبڕکێی سه‌ره‌کی" حه‌فتا و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "کان" به فیلمی سینەمایی "پێشهاتێکی ساکار" It Was Just an Accident له ده‌رهێنانی "جه‌عفه‌ر په‌ناهی" له وڵاتی ئێران به‌خشرا.
خه‌ڵاتی گه‌وره:
خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی GRAND PRIX لێژنه‌ی دادوه‌ران، که گرینگ‌ترین خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "کان" دوای خه‌ڵاتی "چڵه خورمای زێڕین"ه به فیلمی سینه‌مایی "بایخی سۆزداری" Sentimental Value له ده‌رهێنانی "یواخیم تریێر" Joachim Trier به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی نۆڕوێژ، فه‌ڕه‌نسا، دانیمارک و ئه‌ڵمانیا پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان:
خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان به "کلێبێر مێندۆنسا فیلهۆ" Kleber Mendonça Filho بۆ ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی "راسپارده‌ی نهێنی" The Secret Agent به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی بڕازیل، فه‌ڕه‌نسا، هۆڵه‌ندا و ئه‌ڵمانیا به‌خشرا.
خه‌ڵاتی لێژنه‌ی دادوه‌ران:
خه‌ڵاتی لێژنه‌ی دادوه‌رانیش به هاوبه‌شی به فیلمی سینه‌مایی "سیڕات" Sirât له ده‌رهێنانی "ئۆلیڤێر لاکسه" Oliver Laxe به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ئیسپانیا و فه‌ڕه‌نسا و هه‌روه‌ها به فیلمی سینه‌مایی "ده‌نگی ڕووخان" Sound of Falling له ده‌رهێنانی "ماشا سچیلینسکی" Mascha Schilinski له وڵاتی ئه‌ڵمانیا پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ئافره‌ت:
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری خانمی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵیش به خاتوو "نادیا مێلیتی" Nadia Melliti بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی "خوشکه چکۆله‌کان" The Little Sister له ده‌رهێنانی "حهفسیه هێرزی" Hafsia Herzi به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا به‌خشرا.
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری پیاو:
"واگنێر مۆرا" Wagner Moura خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری پیاویی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵی بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی "راسپارده‌ی نهێنی" The Secret Agent له ده‌رهێنانی "کلێبێر مێندۆنسا فیلهۆ" Kleber Mendonça Filho به‌ده‌ستهێنا.
خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ:
خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ به برایانی "لۆک داردێن" Luc Dardenne و "ژان - پیێر داردێن" Jean-Pierre Dardenne بۆ نووسینی سیناریۆی فیلمی سینه‌مایی "دایکه گه‌نجه‌کان" Jeunes Mères به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی به‌لژیکا و فه‌ڕه‌نسا پێشکه‌ش کرا.
خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران:
خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌رانیش به فیلمی سینه‌مایی "قیامه‌ت" Resurrection له ده‌رهێنانی "بی گان" Bi Gan له وڵاتی چین به‌خشرا.
خه‌ڵاتی "چڵه خورمای زێڕین"ی باشترین کورته فیلم:
خه‌ڵاتی "چڵه خورمای زێڕین" Palme d'Or به کورته فیلمی "که‌یفخۆشم که ئێستا تۆ مردووی" I'm Glad You're Dead Now له ده‌رهێنانی "تۆفیق به‌رهوم" Tawfeek Barhom به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ئه‌ڵمانیا، فه‌ڵه‌ستین، فه‌ڕه‌نسا و یۆنان پێشکه‌ش کرا.
هه‌ر له‌م به‌شه‌دا، هه‌روه‌ها کورته فیلمی "عه‌لی" Ali له ده‌رهێنانی "عه‌دنان ئهلرهجیف" Adnan Al Rajeev به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی به‌نگلادیش و فیلیپین، ڕێزیی لێ‌گیرا.
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی خه‌ڵاتی "کامێرای زێڕین"
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی خه‌ڵاتی "کامێرای زێڕین" له حه‌فتا و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "کان" که بریتی بوون له: خاتوو "ئالیس رورواچێر" Alice Rohrwacher ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس - سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران له وڵاتی ئیتالیا، خاتوو "پاسکال مارین" Pascale Marin به‌ڕێوه‌به‌ریی وێنه‌گرتن له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا، "توماسو ڤێرگالو" Tommaso Vergallo له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا، "فرێدریک مێرسیه" Frédéric MERCIER ڕخنه‌گری فیلم له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا، "ره‌شید حامی" Rachid Hami سیناریۆنووس و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا و هه‌روه‌ها "جێرالهدین ناکاچێ" Géraldine Nakache ئه‌کته‌ر و نووسه‌ر له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا؛ ئه‌م خه‌ڵاته گرینگه‌یان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:
خه‌ڵاتی کامێرای زێڕین:
خه‌ڵاتی "کامێرای زێڕین" Caméra d'Or بۆ باشترین فیلمی یه‌که‌می ده‌رهێنه‌ر به فیلمی سینه‌مایی "که‌یکی سه‌رۆک کۆمار" The President's Cake له ده‌رهێنانی "حه‌سه‌ن هادی" Hasan Hadi به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی عێراق، ئه‌مه‌ریکا و قه‌ته‌ر به‌خشرا.
هه‌ر له‌م به‌شه‌دا، هه‌روه‌ها فیلمی سینه‌مایی "سێبه‌ریی باوکم" My Father's Shadow له ده‌رهێنانی "ئاکینۆلا دیۆسین جونیۆر" Akinola DAVIES JR به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی به‌ریتانیا و نیجریه، ڕێزیی لێ‌گیرا.
پیشاندانی ١٤٢ فیلم له فیلمسازانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان
حه‌فتا و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "کان" به ناونیشانی گرینگ‌ترین ڕووداوی سینه‌مای جیهان، به سه‌رۆکایه‌تی خاتوو "ئایریس کنوبلوخ" Iris Knobloch، به به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ریی "تیێری فرێمۆ" Thierry Frémaux و به پیشاندانی ٢٢ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی "پێشبڕکێی سه‌ره‌کی"، ٢٠ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی "جۆرێک ڕوانین"Un Certain Regard ، ١٢ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕکێی، ٩ فیلم له به‌شی "نمایشی تایبەت"، ١٦ کورته فیلم له به‌شی پێشبڕکێی "لا سینێف" La Cinef (سینه فۆنداسیۆن) The Cinéfondation، ١١ فیلم له به‌شی پێشبڕکێی "کورته فیلم"، ١٠ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی "پیشاندانی کان"، ٣٠ فیلم له بەشی "نمایش‌کردنی کلاسیک" و هه‌روه‌ها ١٢ فیلم له به‌شی "سینه‌ما که‌نارئاو" له فیلمسازانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له ڕۆژانی ٢٣ی گوڵان تا ٣ی جۆزه‌ردانی ١٤٠٤ی هه‌تاوی ڕێکه‌وتی ١٣ تا ٢٤ی مایی ٢٠٢٥ی زایینی له شاری که‌نارئاویی کان له باشووری وڵاتی فه‌ڕه‌نسا به‌ڕێوه‌چوو.
بۆ زانیاریی زیاتر:
https://www.festival-cannes.com/en/press/press-releases/the-78th-festival-de-cannes-winners-list/
مەنسوور جیهانی