ڕوانگە - لیوا محەمەد عەبدولوەهاب سوكه‌ر، فەرماندەی هێزە سنوورییەکان و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، تاوتوێی به‌هێزكردنی هەماهەنگی هاوبەشی ئەمنییان کرد.

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەیی هێزە سنوورییەکان کە بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕوانگە نێردراوه‌ ، تێیدا هاتووە، "لە چوارچێوەی پتەوکردنی هاوکاریی هاوبەشی ئەمنی، فەرماندەی هێزەکانی سنوور، لیوا محەمەد عەبدولوەهاب سوكه‌ر ، سەردانی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لە هەولێر کرد، لەوێ لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێم، ڕێبەر ئەحمەد کۆبووەوە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێگاکانی فراوانکردنی هەماهەنگی و کردەوەی هاوبەشی نێوان فەرماندەیی هێزە سنوورییەکان و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کرا، بەتایبەتی سەبارەت بە ئاسایشی کەرتی سنووری لە چوارچێوەی کەرتی سنووری هەرێمی یەکەم، و بەهێزکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و هەڕەشە سنووربەزێنەکان".