ڕوانگە - گرێبەستە نەوتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیانەوتیەکانی ئەمەریکا، پرسێکی گەرمی ڕۆژە و هەندێک لە هێز و لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت بەشێکیش لە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە باس لەو گرێبەستانە دەکەن و  جیاواز لە گرێبەستەکانی پێشو لێی دەڕوانن، ئەندامێکی پێشوی پەڕلەمانی عێراقیش  ڕایدەگەیەنێت؛" ئەو گرێبەستانەی کە ئێستا ئەنجامدراون هیچ جیاوازییەکییان نییە لەگەڵ گرێبەستەکانی پێشودا، بەڵکو لەوانەی پێشو خراپترن.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پێشوی پەڕلەمانی عێراق، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"ئەم گرێبەستانەی کە ئێستا لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکاندا ئەنجامدراوە نەک هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ گرێبەستەکانی پێشودا ، بەڵکو لەوانەی پێشو خراپترن.'

وتیشی:" ئەو ئومێدەی کە خەڵک هەیانە بەم گرێبەستانەی ئێستا، هەمووی لەسەر سەرابە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، گرێبەستەکانی ئەمجارە، گرفتی نوێمان لەگەڵ بەغدا بۆ دروست دەکات، کە ئێمە بەو ئاسانییە لەو گرفتانە ڕزگارمان نابێت، چونکە گرێبەستەکان نایاساین".

ئەندامەکەی پێشوی پەڕلەمانی عێراق ڕونیشیکردەوە؛" لەبەر ئەوەی کە گرێبەستەکان نایاساین، ئەمەش وادەکات گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، قوڵتر ببنەوە و لەدواجاردا باجەکەی خەڵکی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکیانە دەدات.'

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی پێشوی پەڕلمەمانی عێراق ئاشکرایکرد:" لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێیان وایە، لەڕێگەی ئەو گرێبەستانەوە پشتگیری لایەنە دەرەکیەکان بەدەست دێنن، بەڵام بە پێچەوانەوە بەکاریان دەهێنن .'