ڕوانگە -بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە ٢٠٢٥/٥/٢٨ نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی دەربەندیخان پاش کۆکردنەوەی زانیاری و بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە لە گەڕەکێکی شارۆچکەی دەربەندیخان لە هەڵمەتێکدا دەستیانگرت بەسەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنی بێ مۆڵەتداو سێ تۆمەتباریش دەستگیرکران.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛" عەمیدی دکتۆر ئارام محمد ساڵح سعید بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستبەجێ بەیاوەری تیمێکی پسپۆری بەشی پۆلیسی لێکۆڵینەوەی بەڵگەکانی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیمان و تیمێکی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان ئامادەی شانۆی تاوان بوون و بەئامادەبوونی بەڕێزان دادوەری لێکۆڵینەوەی دەربەندیخان و لێکۆڵەرانی دادی و لێکۆڵەرانی پۆلیس سەرپەرشتی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییان کرد.
وتیشی؛"بەپێویسیتی دەزانین هاوڵاتیان و دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی دڵنیابکەینەوە، ئەفسەرو کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتمان پارێزەری سەرو سامانیانن و بەردەوام و ماندونەناسانە ئەرک و فەرمانەکانیان بە لەخۆبوردەییەوە جێبەجێ دەکەن".
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕونیشیکردەوە؛"هەر لێرەوە ئاگاداری هاوڵاتیان دەکەینەوە تەنها ئەو زانیارانە دروست و پشتڕاستکراوەن کە لە بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە یاخود لەسەر زاری وتەبێژی فەرمیمانەوە بڵاودەکرێنەوە.