ڕوانگە - بەمەبەستی هێورکردنەوەی گرژییەکانی سەر سنور و ڕێگریکردن لەپەرەسەندنی سەربازیی نێوانیان،بەرپرسانی تەلئەبیب‌و دیمەشق لەچەند هەفتەی ڕابردودا کۆبونەوەی ڕاستەوخۆیان ئەنجامداوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە پشتی بەپێنج سەرچاوەی ئاگادار بەستوە، باسی لەوەکردوە، ئەم کۆبونەوانە بەشێکن لەو دانوستانانەی کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەده‌وه‌ لەکانونی دوەمی ساڵی ڕابردودا لەنێوان دیمەشق‌و تەلئەبیب دەستیانپێکردوه‌، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا پشتیوانیی لەنزیکبونەوەی نێوان سوریاو ئیسرائیل دەکات.

سەرچاوەکان ڕایانگەیاندوە، بەشێک لەکۆبونەوەکان لەناوچە سنورییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل ئەنجامدراون، بەبێئەوەی ناوی بەشداربوانی لایه‌نى ئیسرائیلى ئاشکرابکەن.
بەگوێرەی سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان، لەئێستادا گفتوگۆکانی نێوان تەلئەبیب‌و دیمەشق لەسەر پرسە ئەمنییەکان کورت بوه‌تەوە، بەڵام ڕەنگە ئەمە ڕێگە خۆشبکات بۆ لێکتێگەیشتنی سیاسیی لەداهاتودا، بەبێئەوەی ڕاستەوخۆ پرسی ئاساییکردنەوە لەمکاتەدا بخاتەڕوو.